کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٠٠ گوند لە سەردەشت هەڕەشەی بێ ئاوییان لەسەرە

12:19 - 8 بانەمەڕ 2722

"لوقمان خوسرەوپوور" فەرمانداری ڕێژیم لە شاری "سەردەشت" وتوویەتی: "سەرەڕای بارینی بارانێکی زۆر و ڕێژەیەکی زۆری سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی لەو شارە، ١٠٠ گوند هەڕەشەی بێ ئاوییان لەسەرە".

ئەو فەرماندارەی ڕێژیم هەروەها وتوویەتی: "لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و پچڕانی بەرق لە سەردەشت، لەگەڵ کەمیی ئاو بەرەوڕوو دەبین کە ئەو کێشەیە لە گوندەکان زیاترە".

سەرەڕای بوونی چۆمی کەڵوێ (زێی بچووک) ساڵانیکی زۆرە شارەکانی "ڕەبەت و نەڵاس"، سەر بە "سەردەشت" لەبەر بێ ئاوی دەناڵێنن و خەڵک لە وەرزی هاویندا بۆ دابینکردنی ئاو ڕوو دەکەنە ئەو چۆمە یان بە تانکێڕ ئاویان بۆ دەچێت.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە بیانووی ئاوەدانی لە شارەکانی کوردستان، لە بەر چۆمەکان بەنداویان لێ داوە، بەڵام ئەو بەنداوانە نەک سوودیان بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە بەڵکوو بوونەتە هۆی ئەوەی مڵک و خانوو و زەوییەکانیان لەدەست بدەن و تەنیا بۆیان هەیە لە دوورەوە چاو لە دیمەنی بەنداوەکە بکەن کە بەنداوی کۆڵەسەی "سەردەشت" یەکێک لەو بەنداوانەیە.