لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا خەڵکی نیشتمانپەروەری دەڤەری ورمێ بە هاوکاریی سێ بنەماڵەی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان "کەرەم کەلەشی، باپیر مەولوودی و تاجەدین بێھنام" سەرنیا کرایەوە.
ئەو سێ شەهیدە لە ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ١٣٦٣ی هەتاوی لە شەڕێکی قارەمانانە دژی دوژمنی داگیرکەردا لە چیای "شێخ بازید"ی دەڤەری "سۆما"ی ورمێ تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوونه.
گڵکۆی ئەو سێ نەمرە دوای ٣٧ ساڵ جارێکی دیکە لەلایەن خەڵكی تێکۆشەرەوە سەرنیا کراوەتەوە کە ئەوە دەرخەری ئەوەیە نەتەوەی کورد هێما و سمبولەکانی خۆی لەبیر ناکات.
خەڵک لە کاتی سەردانی ئەو گڵکۆیانە کە سەرنیا کرابوونەوە بە گوڵی سوور ڕۆیشتبوونە سەر گڵکۆکانیان.
خەلکی قارەمانی ئەو دەڤەرە بەم کارەیان پیشانیاندا کە چەندە وەفادارن بە ڕۆڵە شەهیدەکانیان و ھیچ کات ئەو کەسانە لەبیر ناکەن کە لە پێناوی ئازادی و بەختەوەریی ئەوان گیانیان بەخشیوە.