ژینگەدۆستان و ڕێبوارانی ڕێبازی ئەندێشەی سەوز، گڵکۆی شەهیدان "شەریف باجوەر" و "ئومید کۆنەپۆشیـ"ـیان لە دووەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانیاندا گوڵباران کرد.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەنجوومەنی "سەوزی چیا" بەبۆنەی ٣ی خەرمانان دووەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی شەهیدانی ژینگە، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و داوای لە ژینگەپارێزان و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان کردبوو کە لە ڕۆژی ٣ی خەرماناندا گڵکۆی شەهیدان گوڵباران بکەن.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٣ی خەرمانان، خەڵکی مەریوان و ژینگەپارێزانی شارەکانی دیکەی کوردستان بە ئامادەبوون لەسەر گڵکۆی شەهیدان و گۆڵبارانکردنیان سەلماندیان ڕێگای سەوزی شەهیدانی ژینگە درێژەی هەیە.
ئامادەبووان لەسەر گڵکۆی ئەو شەهیدانە لەژێر دروشمی "قایمتر لە جاران ڕێگاتان درێژە پێ دەدەین"، وەفاداریی خۆیان بە گیانبازی و فیداکاریی ئەو شەهیدانە دووپات کردەوە.
ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی لە ڕووداوێکی گوماناویدا چوار کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزیی مەریوان بە ناوەکانی شەهید "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، محەممەد پەژووهی و ڕەحمەت حەکیمی نیا" لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان شەهید کران.