کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گڵکۆی شەهیدی فەرماندە "خدر خزری" سەرنیا کرایەوە

18:41 - 8 خەرمانان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانان، گڵکۆی شەهید "خدر خزری" ناسراو "خدرە سوور"یان سەرنیا کرایەوە.

شەهید "خدرە سوور" یەکێک لە فەرماندە قارەمانەکانی هێزی "پێشەوا" بووه. گڵکۆی ناوبراو لە "برایم حەسار"ی بۆکان هەڵکەوتووە.

شەهید "خدر خزری" ناسراو به‌ "خدره‌ سوور" ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی له‌ مه‌هاباد له‌دایک بووه.
دوای وه‌رگرتنی دیپلۆم و ته‌واوکردنی خزمەتیی ئیجباریی سه‌ربازی، وه‌ک مامۆستای قوتابخانه‌ له‌ ناوچه‌ی "ئالانـ"ـی سه‌رده‌شت ده‌ستی به‌ وانە وتنەوە کردووە.

له‌ شۆڕشی گه‌لانی ئیراندا چالاکانه‌ له‌ زۆربه‌ی ڕێپێوان و خۆپێشاندانه‌کانی شاره‌کانی بانه‌، سه‌رده‌شت و مه‌هاباد به‌شداری کرد. ناوبراو ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی بە فەرمی پێوه‌ندی به‌ حیزبی دێموکرات دەگرێت.

کاتێک پەیوەست بە حیزب دەبێت وه‌ک پێشمه‌رگه‌ له‌ لکی ٣ی هێزی "پێشه‌وا" ده‌ستی به‌ تێکۆشانی حیزبی کرد. به‌هۆی لێهاتوویی و ئازایه‌تی توانی پله‌کانی به‌رپرسایه‌تی تێپه‌ڕ بکات. ساڵی ١٣٦٠ کرا به‌ سه‌رده‌سته‌، ساڵی ١٣٦١ کرا به‌ جێگری لکی ٣، ساڵی ١٣٦٢ کرا به‌ فه‌رمانده‌ری لکی ٣، ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی  کرا به‌ جێگری هێزی "پێشه‌وا". ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی بوو به‌ فه‌رمانده‌ری هێزی پێشه‌وا و ئه‌ندامی کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد.

ناوبراو ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە شەڕیکدا لە "تەرەغە"ی بۆکان شەهید کرا.