کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆشت لە ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ گران دەبێت

11:45 - 11 رێبەندان 2720

نرخی گۆشتی سوور و مریشک لە ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی لە زیادبوونە و لە ئێستادا ئیتر گۆشت لەسەر سفرەی خەڵکی کەمداهات و تەنانەت چینی نێوەڕاست سڕدراوەتەوە.

جێگری سەرۆکی ناوەندی سەرتاسەریی مریشکدارانی گۆشتی وتوویەتی؛ هەڵکشانی نرخی مریشک لە بازاڕدا لە ئێستاشدا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان بڕیاراتی ستادی ڕێکخستنی بازاڕ.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "لەئێستادا نرخی گۆشتی مریشک نزیکەی ٢٤ هەزار تمەنە کە چاوەڕوانی هەیە ستادی ڕێکخستنی بازاڕ بەسەرنجدان بە چوونەسەرەوەی نرخی دان و خۆراکی مریشکەکان نرخی دیاریکراوی ئەو بەرهەمە خۆراکییە چاک بکات".

ئەو کاربەدەستە هەروەها وتوویەتی کە لەئێستادا بەرهەمهێنەران بە لەبەرچاوگرتنی نرخی دیاریکراوی مریشک بە فرۆشتنی تووشی زیان دەبن و دەبێ بە بڕیاراتێکی نوێ نرخی ئەو بەرهەمە مەنتقی بکرێتەوە.

هەروەها "عەلی ئەسغەر مالکی" سەرۆکی یەکیەتیی گۆشتی سوور باسی لە گرانبوونی گۆشتی سوور کردووە.

ناوبراو وتوویەتی کە هەر کیلۆ گۆشتی سووری نەرمەی بێ چەوری ١١٠ تا ١١٥ هەزار تمەن بە دووکانداران دەدرێت و بە  بەرزکردنەوەی ١٠ لەسەد سوود بە ١٣٠ هەزار تمەن بە خەڵک دەفرۆشرێت.