کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆلی ورمێ بووەتە قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران

13:21 - 23 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بەڵێنییەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر نۆژەنکردنەوەی گۆلی ورمێ، بووەتە هۆی قوربانی بوونی ئەو گۆلەیە.

"عیسا کەلانتەری"، سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی گەلاوێژ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری "ئاناتۆلیـ"ـی تورکیە، باسی لەوە کردووە کە دەکرێت ئاوی گۆلی "وان" بۆ گۆلی "ورمێ" بگوازرێتەوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "ئاوی گۆلی وان دەتوانێت جێگرەوەیەکی باش بۆ گۆلی ورمێ بێت تا لە وشکبوون بپارێزرێت. گۆلی وان ٤٥٠ میتر لە گۆلی ورمێ بەرزترە و مەودای نێوان ئەو دوو گۆلە، ١٦٥ کیلۆمیترە".

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی هەواڵێک کە ٢٧ی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو، لە زاری بەڕێوەبەری ستادی بووژاندنەوەی گۆلی ورمێ بڵاو کرابووەوە، ڕاگەیەندرابوو کە هیچ پلانێک بۆ گواستنەوەی ئاوی گۆلی وان بۆ گۆلی ورمێ لە ئارادا نییە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی ئەوەی کە ئاوی گۆلی وان ماددەی کیمیایی تێدایە، لەگەڵ ئاوی گۆلی ورمێ ناگونجێت، بۆیه ئەو گەڵاڵەیە هەڵوەشاوەتەوە و هەروەها گواستنەوەی ئاوی چۆمی "ئاراسـ"ـیش بۆ گۆلی ورمێ هەڵوەشابووەوە.

ئێستا پاش یەک ساڵ و بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و هەروەها خۆدەربازکردن لە ڕەخنەکان، باسی گواستنەوەی ئاوی گۆلی وان بۆ گۆلی ورمێ، لە لایەن بەرپرسانی ڕیژیمەوە دێتە گۆڕێ کە بەو پێیەی کە ئاوی گۆلی وان، ماددەی کیمیایی تێدایە، هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر "ئارتیمیا"ی گۆلی ورمێ و ئەمە بە ئاشکرا نەتەنیا بووژاندنەوە نییە، بەڵکوو کاولکاریی ژینگەشە.