
ماوەیەک پێش چەندین بەردە نووسراوەی مێژوویی و هەندێک شێری بەردینە لە گۆڕستانی "شەهسەوار" لە شاری "ئیزە"ی پارێزگای خووزستان دزرابوون.
"سادق سەحنی" چالاکی بواری فەرهەنگی باسی لە تێکچوون و لەنێوچوونی چەند شێری بەردینه و گۆڕە مێژووییەکانی سەردەمی "ئیلخانی" لە ناوچەی "شەهسەوار" لە شاری "ئیزە"ی پارێزگای خووزستان کردووە.
"سەحنی" وتوویەتی: "لەنێ بردن و دزینی ئەو ئاسەوارە مێژووییانە زۆر بە خێرایی لەلایەن کەسانی هەلپەرەستەوە بەڕێوە دەچێت".
ئەو گۆڕستانە لە لیستەی شوێن و ئاسەوارە مێژووییەکاندایە. نووسراوەی سەر بەردەکانی بۆ سەردەمی ئیلامییەکان، شێرە بەردینەکان بۆ سەردەمی سەفەوییەکان و گۆڕستانەکەی بۆ سەردەمی ئیلخانییەکان دەگەڕێتەوە.
گۆڕستانی "شەهسەوار" لە ٧ کیلۆمیتریی شاری "ئیزە"ی پارێزگای خووزستان هەڵکەوتووە کە لە سێبەری گرینگی پێنەدانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەلایەن قاچاخچییانەوە، ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەو شوێنە خەریکه بە تاڵان دەچێت.