کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەشتی ئاسمانی تاران بۆ بێلگراد ڕادەگیرێت

19:57 - 18 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی زۆر بوونی ڕێژەی ئەو کەسانەی کە بە بیانووی توریزم لە ئێرانەوە دەچنە سێربستان، گەشتەکانی ئاسمانی نێوان تاران و بێلگراد ڕادەگیرێن.

ڕۆژنامەی بۆسنیایی "سارایوو تایمز"، ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی ئاشکرای کرد، ڕۆژانە دەیان ئێرانی بە ناوی تووریست دەچنە سێربستان، بەڵام پاش گەیشتن بەو وڵاتە داوای پەنابەری دەکەن، یان بە شێوەی قاچاخ بەرەو ئۆرووپا دەڕۆن.

بە پێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی بۆسنی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨وە تاکوو ئێستا،٢٠هەزار کەسی ئێرانی، بە بیانووی توریست چوونەتە ئەو وڵاتە؛ بەشێک لەوان بە  قاچاخی بەرەو هەندەران وەڕێ کەوتوون و بەشێکی زۆریشیان داوای پەنابەرییان لەو وڵاتە کردووە.

بەرپرسانی ئەو وڵاتە باسیان لەوە کردووە، کە کێشەکە لەوەدایە، وڵاتی سێربستان لە بواری ئابووری خۆی لە ڕیزی وڵاتانی لاوازدایە و توانای هەڵگرتنی ئەو هەموو حەشیمەتە پەنابەرەی نییە، هەر بۆیە بڕیاریان داوە هێڵی ئاسمانی نێوان وڵاتەکەیان لەگەڵ ئێران دابخەن.

شایانی ئاماژە پێکردنە کە پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و وەگەڕخرانەوەی خولی نوێی گەمارۆکان بۆسەر ڕێژیمی تاران، بەرپرسان و دەستڕۆیشتووانی ئێرانی لە هەر ڕێگایەک کە بۆیان بلوێت هەوڵی بەجێهێشتنی ئێران دەدەن و تەنانەت پەنابەری وڵاتێک وەک سێربستان بە مانەوە لە ئێران بە باشتر دەزانن.