کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەشەی ئابووری لە ئێراندا نزیک بە سفر و هەڵاوسان لەوپەڕی خۆیدایە

17:39 - 6 بەفرانبار 2721

"ئێحسان خاندووزی" وەزیری ئابووریی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسدا باسی لە یەک دەیە نەبوونی گەشەی ئابووری و هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر کردووە.

ناوبراو هۆکاری سەرەکیی ئەو کێشەیەی بۆ نەبوونی گەشەی ئابووری و لەپێکەوتنی ٤٥ لەسەدیی بازاڕی دراوی لە نیوەی دووەمی ساڵی ١٣٩٩ بۆ نالێهاتوویی دەوڵەتی ڕووحانی گەڕاندووەتەوە.

لە کاردانەوەدا بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم کابینەی دەسەڵاتی پێشوویان وەک تۆمەتباری سەرەکیی کێشەکە  ناساندووە.

فەلسەفەی بوونی بازاڕی سەرمایە ئەوەیە کە ببێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنان و گەشەی ژێرخانی وڵات، بەڵام نەبوونی سیاسەتی ڕوون و دروست و بەجێ و هەروەها بوونی دزی و گەندەڵیی ماڵیی زۆر، بووەتە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک لە خەڵک ببنە خاوەن سەرمایەی زۆر و زۆرینەی خەڵک لە هەژاریدا بژین.

دوای گواستنەوە ی سەرمایە و پاشەکەوتەکانی خەڵک بۆ بازاڕی دراو، بایەخی دراو دابەزی و بەپێی ڕاپۆرتەکان نزیک بە ٧٠ میلیارد دۆلار لە سەرمایەکانی خەڵک بەفیڕۆ چوون.

ڕێژیم ڕاستەوخۆ دەستی لە هێنانەخواری بازاڕی دراودا هەیە و دەوترێ کە داواکردن لە خەڵک بۆ گواستنەوەی پارەکانیان بۆ بازاڕی دراو و کڕینی پشک لە کۆمپانیا مایەپووچەکان  تەنیا بۆ پڕکردنەوەی کەمیی بودجەی دەوڵەت بووە.