کوردستان میدیا: کۆمپانیای تێلێکۆمی ئاڵمانی، لە ژێر کاریگەریی گەمارۆوەکانی ئامریکا، هێڵی تەلەفۆن و ئینترنێتی "بانکی ملیـ"ـی ڕێژیمی ئێرانی لە شاری هامبۆرگی ئاڵمان پچڕاند.
ڕۆژنامەیەکی ئاڵمانی لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند، کە کۆمپانیای تێلێکۆمی ئاڵمان، کە بە گەورەترین کۆمپانیای خزمەتگوزارییەکانی تەلەفۆن و ئینترنێتی وڵاتی ئاڵمان هەژمار دەکرێت، هێڵی ئینترنێت و تەلەفۆنی "بانکی ملیـ"ـی ئێرانی لە شاری هامبۆرگ پچڕاندووە.
بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی هندزلابرت، سەرەڕای ئەوەی کە "بانکی ملیـ"ـی ڕێژیمی ئێران، پارەی کرێی خزمەتگوازرییەکانی داوە، بەڵام کۆمپانیای تێلێکۆمی هۆکاری پچڕاندنی هێڵی پێوەندییەکانی ئەو بانکەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بۆ ئەوە گەڕاندووتەوە، کە بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا، بانکی ملیی ڕێژیمی ئێران، ناتوانێت لە ڕێگەی بانکداریی نێونەتەوەیییەوە کرێی تێچووی بەکارهێنانەکانی بدات.
ئەم گەورە کۆمپانیا ئاڵمانییە، لە بەشی هێڵی تەلەفۆنی ئامریکادا کار دەکات و وێدەچێت بڕیاری ئەم کۆمپانیایە بۆ نەکەوتنە نێو لیستی ڕەشی گەمارۆوەکانی ئامریکا بێت.
لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، تەنیا ٤٠ هەتا ٥٠ بانک ئامادەن، درێژە بە کارکردن لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بدەن.