کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆوە ئابوورییەکان تەنگی بە ڕێژیمی ئێران هەڵچنیوە

11:45 - 11 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران دانی بەوەدا ناوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا هیچکات لەگەڵ دۆخێکی ئاوا سەخت و دژوار بەرەوڕوو نەبووەتەوە.

''حه‌سه‌ن ڕووحانی'' وتوویەتی، گه‌مارۆوە ئابورییه‌كانی سه‌ر ڕێژیمی ئێران له‌ دوو ساڵی ڕابردوودا زیانی ٢٠٠ ملیارد دۆلاریی له‌ داهاتی ئێران داوه‌.

سه‌ركۆماری ڕێژیمی ئێران، باس له‌ زیانه‌كانی گه‌مارۆوە ئابوورییه‌كان بۆ سه‌ر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ده‌كات و ئاشكرای ده‌كات، له ‌ئێستادا ئێران به‌ بارودۆخێكی خراپدا تێده‌په‌ڕێت و ئه‌گه‌ر سزا ئابوورییه‌ سه‌پێندراوه‌كان نه‌بوایەت‌، وه‌به‌رهێنانه‌كانی ئێران ساڵانه‌ به ‌قه‌باره‌ی ١٠٠ میلیارد دۆلار زیادی ده‌كرد و بودجه‌ی ده‌ره‌كی ده‌هاته‌ نێو وڵاته‌وه‌.

ناوبراو وتی، خراپیی بارودۆخی ئێران گەیشتووەتە لووتكه‌ و له ‌ئێستادا كۆماری ئیسلامی به‌بێ ٢٠٠ میلیارد دۆلار ئیداره‌ ده‌كرێت.

دوای كشانه‌وه‌ی ئا‌‌مریكا له ‌ڕێككه‌وتننامه‌ی بەرجام، ئەو وڵاتە كۆمه‌ڵێک سزای قورسی ئابووری، به‌تایبه‌ت له‌ ڕووی هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رییەکی زۆری لهسه‌ر دۆخی ئابووریی ڕێژیمی ئێران دانا.

پێشتر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام دووپاتیان دەکردەوە کە گەمارۆکانی ئامریکا هیچ کاریگەییەکی لەسەر دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە نییە، بەڵام دوای چڕترکردنەوەی گەمارۆکان، ئێستا ئەو ڕێژیمە کەوتووەتە تەنگانە و بە دۆخێکی زۆر دژواردا تێدەپەرێت.