کوردستان میدیا: لە دانیشتنی نێوان وەزیری وزەی ئامریکا و لێپرسراوانی عێراقیدا جارێکی دیکە جەخت لەسەر تەحریم و گەمارۆکان بەدژی تاران کرا و هاوکاری بەغدا بۆ سزادانی کۆماری ئیسلامی، کرایە پێشمەرجی هاوکارییەکانی ئامریکا بە عێراق.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ئاشکرای کردووە، ریک پێری وەزیری وزەی ئامریکا ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەز لە دیدار لەگەڵ لێپرسراوانی عێراقی سەبارەت بە تەحریمەکانی ئامریکا دژ بە کۆماری ئیسلامی قسەی کردووە و پێی ڕاگەیاندوون: ئەگەر دەتانهەوێ ئامریکا یارمەتیدەرتان بێ بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە ئابوورییەکان بەتایبەت لە سەنعەتی نەوت و وزەدا دەبێ پێبەند بن بە تەحریمەکانەوە.
هەوڵی سەرەکی ئامریکا لە پاش دەسپێکی خولی دووهەمی تەحریمەکان، گوشارهێنان لە کەرتی گاز و نەوت و سیستمی بانکی ئێرانە و ئەمەش لەڕێگەی پەیوەست بوونی شەریکە بازرگانییەکانی ئێران و یەک لەوان عێراق ئەنجام دەدرێت؛ عێراق پێشتر مۆڵەتێکی ٤٥ ڕۆژەی لە ئامریکا وەرگرتبوو تاکوو جێگوزینێک بۆ ئێران بدۆزێتەوە.