کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ئێران تا دوای ئۆکتۆبر درێژەی دەبێت

12:21 - 1 گەلاوێژ 2720

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاند کە کرداری ڕێژیمی ئێران جێی ڕەزامەندی نییە و تا پاش ئۆکتۆبری داهاتوو گەمارۆکانی چەکوچۆڵی سەر ڕێژیمی ئێران درێژەی دەبێت.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕ، لە سەفەری خۆیدا بۆ لەندەن ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئیزن نادات کە گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران هەڵگیرێتەوە.

ناوبراو هەروەها وتبووی کە بابەتی دووپاتکردنەوەی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ "بۆریس جانسۆن" سەرۆکوەزیرانی بریتانیا باس دەکات.

پێشتر "برایان هووک" نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٩ی پووشپەڕ، لە پرێس کۆنفڕانسێکی هاوبەش لەگەڵ "عادڵ ئەلجەبیر"، وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری دەرەوەی پادشایی عەرەبستاندا وتبووی کە ئێران لاقی لە هەر جێگایەک داناوە ماڵوێرانیی بەبار هێناوە و ئەگەر گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ئەو وڵاتە هەڵگیردرێت، توندوتیژییە ناوچەییەکان پەرە دەستێنێت.

ناوبراو هەروەها لە وتووێژ لەگەڵ "ئاسۆشێتد پرێس" جەختی کردبووەوە کە گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵ کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دژ بە ڕێژیمی ئێران دانراوە دەبێ بۆ پێشگرتن بەوەی کە تاران ببێتە بازرگانی چەکوچۆڵی خوازراوی ڕێژیمە سەرکەشەکان و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی جیهان، چالاک بمێنیتەوە.

گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵ تا ئێستا توانیویەتی پێش بە کڕینی فڕۆکە شەڕکەرەکان، تانکەکان، کەشتییە شەڕکەرەکان و چەکەکانی دیکە لەلایەن ئێرانەوە بگرێت، بەڵام نەیتوانیوە پێش بە قاچاخی چەکوچۆڵ بۆ ناوچە شەڕلێکراوەکان بگرێت.