کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆکان بۆ سەر ئێران زیاد دەکرێت

12:53 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ئامریکا لە پەیامێکدا باسی لە زیاترکردنی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا نووسیویەتی: "ئێران ماوەیەکی زۆرە بە شێوەی نهێنی پیتاندنی ئورانیۆمی کردووە کە ئەمە دەرخەری پێشێلکردنی تەواوی ڕێککەوتنی ١٥٠میلیارد دۆلاریی دەوڵەتی "ئۆباما" و "جان کێری" بووە.

"ترامپ" لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە: "گەمارۆکان بۆ سەر ئێران بە زووترین کات و بە شێوەی بنەڕەتی زیاتر دەکرێت".

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، "یۆکیا ئامانۆ"، بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، وتوویەتی کە ڕێژیمی ئێران ڕێژەی پیتاندنی ئورانیۆمی بە ڕێژەی ٣.٦٧ لەسەد زیاد کردووە.

بەپێی ڕێککەوتننامەی بەرجام، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ناتوانێت زیاتر لە ٣٠٠ کیلۆگرەم ئورانیۆم بەرهەم بهێنێت و بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو ڕێژیمە لە مانگی بانەمەڕدا، پیتاندنی ئورانیۆمی گەیاندووە بە بڕی ١٧٦.١ کیلۆگرەم.

ئەم کردەوانەی ڕێژیمی ئێران، دژکردەوەی وڵاتان و بەرپرسانی دیکەی وڵاتانی لەوانە: "وەزیری دەرەوەی ئامریکا، سەرکۆماری فەرانسە، وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانـ"ـی  لێکەوتەوە و هەموویان زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی ئورانیۆمیان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کردووە.