کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵیی ئابووری هەموو سیستمی ئێرانی گرتووەتەوە

18:15 - 19 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی گشتیی پێشووی  بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران لە سەردەمی سەرکۆماری "مەحموود ئەحمەدی نژاد"دا سەبارەت بە ئەوەی کە لەو کاتەدا زۆرترین سەرچاوەی ئەرزیی ئێران بە تاڵان براوە، دەڵێت، گەندەڵیی ئابووری ناتوانێت کاری یەک کەس بێت بەڵکوو هەموو سیستمی تێوەگڵاوە.

"مەحموود بەهەمەنی"، بەرپرسی گشتیی پێشووی بانکی ناوەندیی ڕیژیمی ئێران لە سەردەمی سەرکۆماری "مەحموود ئەحمەدی نژاد"، کە ئێستا ئەندامی کۆمیسیونی ئابووریی مەجلیسە، لەبارەی ئەوەی کە دەوترێت کە لەو کاتەدا زۆرترین سەرچاوەی ئەرزیی ئێران بە تاڵان براوە، وتوویەتی، من بە تەنیایی بڕیاردەر نەبوومە، ئەگەرچی بەردەوام هەوڵم داوە سەربەخۆیی بانکی ناوەندی بپارێزم.

ناوبراو دەڵێت، دەبێ جەخت بکەمەوە کە هەموو ئەوانەی کە ڕووی داوە بە ڕا و بۆچوونی من نەبووە.

ئەو بەرپرسە پێشووەی بانکی ناوەندیی ڕێژیم بە جەختکردن لەسەر ئەوەی کە لە گەندەڵیی ئابووریدا هیچ کات یەک کەس ناتوانێت قەیران دروست بکات، وتی، لە ساڵی ٩١ی هەتاوی کە قەیرانی ئەرزی گەیشتبووە بەرزترین ئاستی خۆی، چەندین جار ڕامگەیاندووە کە نابێت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و بێ بنما بیر و ڕای گشتی تێک بدرێت. بە خەڵکیان وتووە کە ئەم قەیرانە کاری کەسیک بە ناوی '' جەمشید بیسمیللا'' بووە، بەڵام من دەڵێم کە ئەوە هەمووی درۆ بووە کە بە خەڵکیان وتووە.

بەرپرسانی ڕێژیم کە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵە دەستیان بەسەر سامان و داراییەکانی خەڵکانی ئێراندا گرتووە، لە ڕێگای دزی و گەندەڵیی سیستماتیک ئەم بارودۆخە نالەبارەیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە و هەر ڕۆژێک و لە لایەن بەرپرسێکی ڕیژیمی ئیرانەوە ئاشکرا دەکرێت.