کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەندەڵی و کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ڕێژیم لە نەخۆشخانەی پیرانشار

17:06 - 15 خەزەڵوەر 2720

بەهۆی کەمتەرخەمی و گوێنەدانی هەندێک لە پێرسۆنێلی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی پیرانشار ڕۆژانە مەرگ گیانی زۆرێک لە خەڵکی ئەو شارە دەگرێت.

بەپێی زانیارییەکان لەگەڵ ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران بەشێوەی پێویست بە نەخۆشانی کۆرۆنا ڕاناگات، بەشێک لە پەرستارانی بەشی  "ئیزۆلە" بە دزین و گۆڕینی دەرزی تایبەت بە کۆرۆنا مامەڵە بەگیانی هاووڵاتیانەوە دەکەن و ئەم کارە گیانی دەیان کەسی خستووەتە مەترسییەوە.

ئەم دەرزییە نرخێکی زۆری هەیە وبنەماڵەکان ناتوانن بیکڕن، لەمبارەوە ئەو بنەماڵانە سکاڵایان تۆمار کردووە بەڵام کاربەدەستان لەگەڵ ئەو کەسانە شەریکن و وڵامی داوای خەڵک نادەنەوە.

لە بەرانبەردا ژمارەیەک لە پەرستارەکان زۆر دڵسۆزانە کار دەکەن، چەند مانگە مووچەیان پێنەدراوە و تەنانەت دەستەوانە و دەمامکی پێویستیان بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا پێنەدراوە.

لەو پێوەندییەدا شارەکانی پارێزگای سنە بەهۆی کۆرۆناوە خراونەتە دابڕگەوە. خەڵکی پارێزگای سنە دەڵێن ڕێژیمی ئێران لە نەخۆشخانەکان نە تەنیا خزمەتگوازی بە خەڵک نادرێت بەڵکوو شوێنیش بۆ خەواندنی نەخۆشەکانی کۆرۆنایی نییە.