کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی دانانی "کۆپین" بۆ کەلوپەلە سەرەکییەکان، لە مەجلیسی ڕیژیمی ئێران پەسەند کرا

16:50 - 29 پووشپەڕ 2720

نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران گەڵاڵەی یەک فەورییەتیی دانانی کۆپینی کاغەزی یان ئێلێکترۆنیکییان بۆ کەلوپەلە سەرەکییەکان پەسەند کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەی دانانی کۆپین بۆ کەلوپەلە سەرەکییەکانی خستە بەر باس و تاوتوێ و لە ئەنجامدا پەسەندی کرد.

ئەو گەڵاڵەیە لە کۆمیسیۆنەکانی مەجلیس بەخیرایی تاوتوێ دەکرێت و دەبێ وردەکارییەکانی پەسند بکرێت.

لە ئەگەری پەسندکردنی کۆتایی ئەو گەڵاڵەیە، دەوڵەت ئەرکدارە کە بۆ دابینکردنی کەلوپەلە سەرەکییەکان، کۆپین یان کارتی ئێلێکترۆنیکی بداتە دەهەکەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا.

"ڕووحوڵڵا عەباسپوور" نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە "بووئین زەهرا"، لە دژایەتی لەگەڵ ئەو گەڵاڵەیەدا وتوویەتی: "هێنانە بەر باسی ئەو بابەتە وا دەکات کە خەڵک بۆ دابینکردنی کەلوپەل هێرش بکەنە سەر دووکان و بازاڕەکان".

لە بەرانبەردا "مالک شەریعەتیی نیاسەر"، بە لایەنگرایەتی لەو گەڵاڵەیە وتوویەتی: "ئێستا لە دۆخی شەڕی ئابووریداین، لە کاتی شەڕی ٨ ساڵەدا بڵاوکردنەوەی کاڵابەرگەکان کاریگەریی گوشارە ئابوورییەکانی لەسەر خەڵک کەم دەکردەوە، بۆچی ئیستا دەبێ نکۆڵی لە شەڕی ئابووری بکەین".

پێشتر کۆمیسیۆنی تەلفیقیی ڕێژیمی ئێران و نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم گەڵاڵەیەکی لەو چەشنەیان پەسند کرد کە دواتر پەسندی کۆتایی نەکرا و نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕێژیمی ئێران لە وەها دۆخێکی ئابووریی شپرزەدایە کە لە هەر ڕێگایەکەوە دەیهەوێت تەنزیمی بازاڕەکان بکات و زۆرینەی ئەو گوشارە ئابوورییانە بخاتە سەر خەڵک.

بەرپرسانی ڕێژیم دان بەوەدا دەنێن کە لە شەڕی ئابووریدان و دۆخی وڵات زۆر شپرزەیە.