کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی دیوارکێشان بە دەوری ئازادییەکان

12:16 - 11 گەلاوێژ 2721

ڕەحمان سەلیمی

یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوان دەوڵەتانی دێموکراتیک لەگەڵ دیکتاتۆرەکان، جیاوازیی ئەولەوییەتەکان لە بەرنامەی ئەواندایە. دەوڵەتانی دێموکراتیک بە گەشەی ئازادییەکان و گەشەی ئابووری بەرەوپێش دەڕۆن بەڵام پێکهاتەی دیکتاتۆری لەگەڵ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەست پێدەکات و بە دیوارکێشان لە دەوروبەری ئازادییەکان وێڕای بەتاڵانبردنی ئابووری، ئەولەوییەتی سەرەکیی پاراستنی پێکهاتەی دیکتاتۆرییە.

لە دەوڵەتانی دێموکراتیک، ناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بەپێی پێناسە و پێگەیەک کە لە یاسا هەیانە، ئەرک بەڕێوە دەبەن؛ لە پێکهاتەی دیکتاتۆری، هەموو ناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان دەبێ لەگەڵ ڕاستا و بنکەی دیکتاتۆری هاوتەریب و ڕێک بێت، لەو ڕووەوە لەو پێکهاتانەدا هیچ شتێک لەسەر جێگای خۆی نییە.

لە پێکهاتەی دێموکراتیک، دەزگای ڕاپەڕاندن، دادوەری و یاسادانانی سەربەخۆ بوونی هەیە؛ لە پێکهاتەی دیکتاتۆری هەر سێ دەزگا دەبێ لە خزمەت ناوەندی دەسەڵاتدا بن.

ئەوانە جیاوازیی پێکهاتەی شارستانییەت لەگەڵ ژێرشارستانییەتن.

لە پێکهاتەی دیکتاتۆریی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ بەپێی دەقی یاسای بنەڕەتی هەر سێ دەزگای ڕاپەڕاندن، دادوەری و یاسادانان خزمەتکاری وەلیی فەقیهن. ئەگەرچی لە ناودانانی تەبلیغاتیدا بە مەجلیسی ڕێژیم دەوترێت ''خانەی میللەت''، بەڵام ئەو خانوویە یەکێک لە حوجرەکانی بەیتی وەلیی فەقیهە.

بەو پێیە یاسادانان لە وەها مەجلیسێک کە هیچ وێکچوونێکی لەگەڵ پێناسە و پێگەی یاسایی نییە، جگە لە خزمەتی دابینکردنی ویستەکانی وەلیی فەقیهدا نییە، چونکە ئەساسی هەڵبژاردنی نوێنەرانی وەها مەجلیسێک، سوێندخواردن بە ئەسڵی ویلایەتی فەقیهە نەک سوێندخواردن بۆ پاراستنی ئازادی و مافی مرۆڤ.

مەجلیسی کۆنەپەرستی ئاخوندی لە دەستپێکی کاری خۆی هەتا ئێستا ساڵ لەگەڵ ساڵ و زیاتر و زیاتر بەرەو لای یەکدەستبوون وەکوو باسکی وەلیی فەقیهـ بووەتە شوێنی داڕشتنی یاسای سەرکوت و بەتاڵانبردن.

ئێستا دوای دەستنیشانکردنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو خزمەتکاری وەلیی فەقیهـ، مەجلیسی کۆنەپەرستیش لە پێناسە و جەوهەری خۆی بەخێرایی دوور کەوتووەتەوە و بۆ سەرکوتی خەڵک لەژێر ناوی پرۆژەیاسا و گەڵاڵە سەرقاڵی تەیارکردنی دەزگای سەرکوتگەرە.

ئەو خزمەتگوزارییەی مەجلیسی ڕێژیم بۆ تەیارکردنی سەرکوتگەران لە گەڵاڵەی بەناو "پاراستنی بەکارهێنەرانی مەجازی" هەم شەڕ و دەمەقاڵەی لەنێو ڕێژیم زیاد کردووە و هەم هێندێک لە میدیاکانی ڕێژیمی ناچار بە دانپێدانان لەسەر دەستنیشاندەبوونی ئەو مەجلیسە کردووە.

ڕۆژنامەی "هەمدلی" سەر بە ڕێژیم لە ژمارەی ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی بەنیسبەت گەڵاڵەی "پاراستنی بەکارهێنەرانی مەجازی" نوسیویەتی: "مەجلیس لە کاتی هەستیاردا نیشانی داوە نەتەنیا ئەرکی خۆی لەبیر بردووەتەوە و لە پاڵ خەڵک نەبووە، بەڵکوو تەنانەت ڕوبەرووی خەڵک وەستاوە".

ئەو ڕۆژنامەیە بەو کەسانەی بەناو نوێنەری خەڵکن بە گوێ هەڵێناون کە چەندین شتی سەرەکی و خێرا لە ئێراندا بوونی هەیە، بەڵام بۆ ئەوان هیچ گرینگیی نییە کە بریتین لە :

کۆرۆنا ڕۆژانە گیانی سەدان کەس دەگرێت.

پچڕانی ئاو و بەرق لە ئێران هەروا بەردەوامە.

تینویی و دەردی خەڵکی ئەحواز هەر لە جێگای خۆیەتی.

بوغز و قین و لێکهەڵوەشانی کۆمەڵگە گەیشتووەتە قۆناغێکی دژوار.

دۆخی ژینگەی ئێران لەوپەڕی خەراپیدایە.

و...

کێشەی بژێویی ژیان، تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و زۆربەی خەڵک تەنانەت لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان دۆش داماون. لە ڕوانگەی نوێنەرانی مەجلیس گەڵاڵایەکی سەقەت لەژێر ناوی پاراستنی مافی بەکارهێنەران لە فەزای مەجازی لە پێش پاراستنی گیانی خەڵکدایە. بێگومان ئەگەر جگە لەوە لانیکەم گرینگییان بە دابینکردنی واکسەنی کۆرۆنا دەدا.

لە ئێستادا لێگەڕی کۆمەڵگە لەگەڵ ڕێژیم لەسەر گەڵاڵەی ''پاراستنی بەکارهێنەرانی مەجازی'' شۆڕشی بەکارهێنەرانی لە ئێران و مەحکوومییەتی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.

گومانێک لەوەدا نییە کە ئەو گەڵاڵەیە کە لەژێر ناوی ''پاراستنی بەکارهێنەرانی مەجازی'' داڕێژراوە ئامانجی سەرکوتی خەڵکە. دەبێتە هۆی پەرەگرتنی خۆپیشاندانەکان و ناڕزایەتییەکان. کاتێک کە خودی میدیاکانی ڕێژیم ئەو گەڵاڵایە بە واتای کێشانی زامن وەسف دەکەن دەبێ ئەو دیمەنە بخرێتە بەرچاوان کە کۆشکی دەسەڵاتی ئاخوندی لەسەر چ جۆرە بۆمبێک ڕاوەستاوە.

هەموو بەڵگەکانی دوای دەسنیشانکردنەکانی ڕێژیم لەلایەک و خۆپیشاندانی ئەحواز و شارەکانی دیکە لەلایەکی دیکەوە، ئەگەری تەقینەوەی ئەو بۆمبە دەسەلمێنن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.