کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵەی "ڕاگرتنی دڕۆنی ئێران" لە کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا پەسەند کرا

18:11 - 20 سەرماوەز 2721

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەز، "گرگوری میکس" سەرۆکی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا بە دەرکردنی بەیانییەیەک، پێشوازیی لە پەسەندکردنی گەڵاڵەی "ڕاگرتنی دڕۆنی ئێران" کرد.

"میکس" لەو بەیانییەیەدا سەرەڕای ئەوەیکە ئاماژەی بە هێرشە دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر سەربازانی ئامریکایی، کەشتییە بازرگانی و هاوپەیمانانی ئامریکا لە ناوچەدا کرد، جەختی کردەوە کە کۆنگرەی ئامریکا ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران لەبەرچاو دەگرێت و پێداچوونەوەیان بەسەردا دەکات.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: "بە پەسەندکردنی گەڵاڵەی ڕاگرتنی دڕۆنی ئێران ئەو ئیزنە بە ئێمە دەدرێت، بەپێی یاسا هێرشەکانی ئێران و تاکتیکەکانی هێرشی دڕۆنیی ئەو گرووپانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دژی ئامریکا پشتیوانییان لێ دەکرێت، وڵام بدەینەوە".

"میکس" لە کۆتایی ئەو بەیانییەیەدا وتی، بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕوون دەبێتەوە ڕاگرتنی بەرنامەی کڕین و بەرهەمهێنانی دڕۆن لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە قازانجێکی هەمەلایەنانەی تێدایە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ئەمساڵ نوێنەرانی دێموکرات و کۆماریخوازی مەجلیسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ئەو گەڵاڵە هاوبەشەیان ڕادەستی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا کردبوو.