کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەڵاڵە ئاوییەکانی مەلەکشایی بە کردەیی نەکراونەتەوە

11:17 - 7 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بە سەر کێشەی سوێربوونی ئاوی پارێزگای ئیلامدا، کێشەی ئاوی ئەم پارێزگایەش وەکوو کێشەی ئاوی شارەکانی دیکەی کوردستان چارەسەر نەکراوە و هیچ کەس و ناوەندێک لەمبارەوە خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.

ناوچەی مەلەکشایی کە بە یەکێک لە ناوچە بێبەری بووەکانی پارێزگای ئیلام دێتە ئەژمار، چەندین ساڵە لەگەڵ کێشەی ئاوی خواردنەوەی سالم بەرەوڕوویە.

ئاوی ئەم شوێنە سوێرە و خەڵکی ئەم ناوچەیە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و تەنانەت ئاو بۆ پاک و خاوێنیش بە ناچاری ڕوویان لە کانیاوەکانی کوێستانەکان کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیم بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پلانی دوو گەڵالەی کورتخایەن و درێژخایەنیان بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ ئەم ناوچەیە داڕشتووە کە یەکەمیان لە ساڵی ٩١ـەوە دستی پێکردووە بەڵام پاش ٧ ساڵ هێشتا تەواو نەبووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە گەڕەکی ترمیناڵی قەدیمی شاری مەریوانیشدا، خەڵک لە چۆنایەتیی ئاوی خواردنەوە ناڕازین.

بە وتەی خەڵکی ئەم گەڕەکە و بەپێی وێنە بڵاوکراوەکان، ڕێژەی "کۆلۆر"ی بەکارهێنراو لە ئاوەکەدا بە ڕادەیەکە کە بۆ خواردنەوە نابێت؛ کۆلۆر بۆ لابردنی پیسایی ئاوی خواردنەوە پێویستە بەڵام لەڕادەبەدەربوونی ئەم ماددەیە خۆی دەتوانێت کێشە بۆ تەندووستیی تاکەکانیش دروست بکات.

زۆربوونی کۆلۆر جگە لە دروستکردنی کێشەگەلی وەک وەرینی قژ و دروستکردنی هەستیاریی پێستی، دەتوانێت یەکێک لە هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەش بێت.

کێشەی ئاوی خواردنەوە لە زۆربەی شار و پارێزگاکانی کوردستاندا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی خەڵکە کە ناوەندە پێوەندیدارەکانیش ئەم کێشەیە بۆ یەکتر دەگوازنەوە و هیچ چارەسەرێکی گونجاویان پێ نییە.