ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١١ سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی حیزبەكانی ئەندام لە ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەشێوەی ئانلاین كۆبوونەوەیەكیان بەڕێوە برد.
لە كۆبوونەوەكەدا كە بە بەشداریی بەرپرسانی یەكەمی هەر چوار حیزبی ئەندام لە ناوەندی هاوکاری بەڕێوە چوو، چەند پرس و بابەتی جۆراوجۆر لەبارەی کاروباری سیاسی، پێوەندی و ڕۆتینی ناوەندەوە قسە و باسیان لەسەر كرا.
یەكێك لە تەوەرەكانی باسەکانی ئەم كۆبوونەوەكە بابەتی كار و چالاكیی ناوەندی هاوكاری بوو لە بواری پێوەندیی نێودەوڵەتی كە لایەنەكان هاوڕا بوون لەسەر كاراتركردنی ئەو پێوەندییانە و دۆزینەوەی میکانزیمی گونجاو بۆ بردنە پێشی کاروباری پێوەندییەکان لە هەلومەرجە نەخوازراوەکانی وەک بارودۆخی کۆڕۆنادا.
چەندی و چۆنیی كار و پێوەندیی ناوەندی هاوكاریی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی یەكێكی دیكە لە باسە سەرەکییەکانی ئەم كۆبوونەوە بوو كە بەشداران تێبینی و بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە خستە ڕوو هەتا ناوەندی هاوكاری بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بە یەكدەنگی و هاوڕایی زیاترەوە وەک نوێنەری خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن بکەوێتە دانوستانەوە یان هاوپەیمانییان لەگەڵ پێک بێنیت.
كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پاش نزیكەی سێ كاتژمێر قسە و باس لەسەر چەندین مژاری كاریی پەیوەندیدار بە ناوەند، كۆتایی پێهات.