کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆبوونەوەی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەڕێوە چوو

10:35 - 10 رێبەندان 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕێبەندان لەسەر بانگهێشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، كۆبوونەوەی ئاسایی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستان بە بەشداری وەفدی حیزبەكانی ئەندام لەو ناوەندەدا بەڕێوە چوو.

كۆبوونەوەكە بە چەند ساتێک ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ یادی سەرجەم شەھیدان و گیانبەختكردوانی ڕێگای ئازادی‌ و ڕزگاریی كوردستان‌ و یادی ئەو پێنج كۆڵبەرە لاوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ناوچەی ورمێ گیانیان لەدەستدابوو دەستی پێكرد.

دواتر ڕاپۆرتی كاریی ئەم دەورەی ناوەند كە بەرپرسیاریەتییەكەی لە ئەستۆی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستاندا بوو خوێندرایەوە.

تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە تەرخان كرابوو بۆ شەپۆلی ئەم دواییەی دەستگیركردن‌ و بانگهێشتكردنی چالاكوانانی مەدەنی‌ و ژینگەپارێزی كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی، كە تێیدا بە ئاماژە بە چوونەسەرەوەی ئاماری گیراوەكان ، شێوازی دڕندانەی دەستگیركردنیان‌ و بێسەروشوێن بوونیان، ئەم هێرشە تازەی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر بزوتنەوەی مەدەنی خەڵكی كوردستان قسە و باسی لەسەر كرا ‌و ناوەند بڕیاری دا هەموو هەوڵەكانی خۆی لەنێوخۆی كوردستان بۆ یەكدەنگیی زیاتری نێوان خەڵک ‌و بزوتنەوەی مەدەنی‌ و، پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەی گیراوەكان بخاتە گەڕ ‌و بە هەموو شێوازێكی گونجاو لەبەرامبەر ئەم ڕەشبگیرییەی كۆماری ئیسلامی لە كوردستان پشتیوانی لە بنەماڵەی گیراوەكان‌ و خەڵكی كوردستان بكات.

هەروەها بڕیاردرا لە دەرەوەی وڵات ئەم تاوانەی كۆماری ئیسلامی زیاتر لەقاو بدرێت ‌و بە بەشداریی هەموو كوردانی دەرەوەی وڵات لە ڕێكخستنی كەمپین بۆ ئازادیی هەرچی زووتری گیراوەكان بەردەوام بێت ‌و ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤی لێ ئاگادار بكرێتەوە.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە چەندین بە ڵگەنامەی كاری ناوەند قسە و باس‌ و بڕیاری پێویستی لەسەر درا‌ و لە كۆتاییشدا بەرپرسیاریەتی دەورەیی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەلایەن كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە ڕادەستی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران كرا.