به‌پێی زانیارییەکان نه‌خۆشیی كۆرۆنا له شاری سنه زۆر په‌ره‌ی سه‌ندووه و له شوێنێک وه‌كوو شاره‌كی "نایسه‌ر" ڕێژەی تووشبووان زۆر بەرز بووەتەوە.
كارمه‌ندێكی نه‌خۆشخانه‌ی ''ته‌وحید"ی سنه لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" باسی لەوە کرد، ڕۆژی چوارشه‌ممه ٧ی جۆزەردان كاتژمێر ٨ تا ١٠ی به‌یانی، ئەنجامی تاقیکاریی کۆرۆنای ٥٧ کەس ئەرێنی بووە.
لە شاری سنە ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا بەردەوام بەرز دەبێتەوە بێ ئه‌وه‌ی ڕێژیم هیچ هه‌وڵێک بۆ پێش‌گرتن به‌و نه‌خۆشییه بدا.
له شاری مه‌ریوانیش هاوچه‌شنی سنه خه‌ڵكێكی زۆر تووشی نه‌خۆشیی كۆرۆنا بوونه.
كارمه‌ندێكی نه‌خۆشخانه‌ی مه‌ریوان لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت باسی لەوە کرد؛ ئاماری تووشبووان له مه‌ریوان زۆر له‌سه‌ره‌وه‌یه به‌ڵام ئاماری ڕاست له‌به‌رده‌ست به‌رپرس و حه‌راسه‌تی نه‌خۆشخانه دایە.
ئەو کارمەندەی نەخۆشخانە باسی لەوە کرد، به‌هۆی گۆڕینی شیفتهكان ناتوانین ئاماری ڕۆژانه‌ش ده‌ربێنین.
به‌پێی ئامارێک كه له دوو شیفتی یه‌ک ڕۆژی نه‌خۆشخانەکان كۆكراوه‌ته‌وه ته‌نیا ڕۆژی سێشه‌ممه ڕێکەوتی ٦ی جۆزه‌ردان، ئەنجامی تاقیکاریی كۆرۆنای ٤٠ كه‌س له شاری مه‌ریوان ئەرێنی بووە .
لەو ٤٠ کەسە ٧ كه‌س بارودۆخیان زۆر خراپه و له نه‌خۆشخانه خه‌وێندران.
له مه‌ریوان ئه‌وانه‌ی كه گومانیان لێ بكرێت تووشی کۆرۆنا بوونە له ده‌رمانگای ژماره ٥ له پشت نه‌خۆشخانه‌ی "فه‌جر" تاقیکارییان بۆ دەکرێت و داوی دوو ڕۆژ و‌ڵامیان به ته‌له‌فوون ده‌درێته‌وه.
لە نەخۆشخانەی مەریوانیش ئاماری گشتی جگه له به‌رپرسان ناكه‌وێته به‌رده‌ست كارمه‌نده‌كانیش و ئه‌م ئامارانه به شێوه‌ی نهێنی له چه‌ند كارمه‌ند كۆ كراوه‌ته‌وه.
هاوکات بارودۆخی پادگانی ئه‌رته‌ش له مه‌ریوان زۆر ناله‌باره و هەتا ئێستا چەندین کەس لە هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران تووشی کۆرۆنا بوونه.