کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆپراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و ئەرتشی عێراق دژ بە داعش بەڕێوە چوو

09:43 - 18 سەرماوەز 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەز، "جەعفەر شێخ مستەفا" جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ کاناڵی ڕووداو قسەی کردووە، وتوویەتی: "ئۆپراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و ئەرتشی عێراق لە ناوچەکانی مەخمور و گەرمەسێر دژ بە داعش بەڕێوە چوو".

"شێخ مسەتەفا" وتیشی کە ماوەی حەوتوویەکە ئەو ئۆپراسیۆنە بۆ کاری هاوبەش لەنێوان ئەو دوو هێزە پێک هاتووە و لەو ماوەیەدا کارەکان بە باشی ئەنجام دراون.

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە بۆ دابینکردنی ئەمنییەت و ئاسایشی ئەو ناوچانە کە بۆشایی ئەمنین، بڕیاری ئەو ئۆپراسیۆنە لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەت، هەروەها وەزارەتی پێشمەرگەوە، بە پێشمەرگە درا.  

بە وتەی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو ناوچانەی کە ئۆپراسیۆنەکەی تێدا بەڕێوە دەچێت ناوچەیەکی دژوارە و پێوستی بە پشکنین و پاکتاوکردنێکی زۆر هەیە و دوای ئەوە پێشمەرگە لە هەندێک خاڵ جێگیر دەکرێن بۆ ئەوەی داعش بە یەکجاری لەو ناوچانە ڕاماڵن.

ناوبراو وتوویەتی، خەڵکی گوندەکانی ئەو ناوچانە کە ماوەی چەند ساڵێکە ئاوارە بوون، دەتوانن جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر شوێنی ژیانی خۆیان و خەریکی کار و کاسبی و ژیانی ئاسایی بن.

"جەعفەر شێخ مستەفا" زیادی کرد کە هەتا ئێستا هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش ڕووی نەداوە، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە دەست بەسەر چەندین توونێل و ئەشکەوت کە ماددەی تەقینەوە و بۆمبی چێندراوی تێدا بووە، بگرن.

چەکدارانی داعش لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە چەند ناوچەی جیاوازی کێشە لەسەرەکانی کورد، چوار هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگە و ٢٢ پیشمەرگە و ٣ هاووڵاتی شەهید بوون کە یەکێکیان تەمەنی ١٠ ساڵان بوو.

بەپێی ئامارەکانی هەرێمی کوردستان لە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاویدا چەکدارانی داعش ٢٠٦ کردەوەی تێرۆریستییان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و لەو ماوەیەدا ٨٣٧ کەس شەهید، بریندار و ڕفێندراون.