کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆکراین و شەڕی جیهانیی سێیەم

17:24 - 28 رەشەمه 2721

نووسەر: سلاڤۆ ژیژەک

وەرگێڕان: بێهزاد قادری

ئایا دوو جۆر پەناخوازمان هەیە؟ باش و خراپ؟ یانێ ئەوانەی کە هاوشێوەی ئورووپاییەکانن و ئەوانی دی؟ "سلاڤۆ ژیژەک"، فەیلەسوفی "سلۆڤێنیا"یی لەم گوتارەدا شیی دەکاتەوە کە پرێستیژی ئورووپا و جیهان لە داهاتووی ژێئۆپۆلیتیک دەتوانێت گرێدراوی ئەم پرسە مرۆییە بێت.

دوای پەلاماردانی ئۆکراین لەلایەن ڕووسیەوە، دووبارە لەوەی کە شارۆمەندی سلۆڤێنیام هەستم بە شەرم کرد. دەوڵەتی سلۆڤێنیا خێرا ڕایگەیاند کە ئامادەی وەرگرتنی هەزاران پەناخوازی ئۆکراینییە کە لە داگیرکاریی سەربازیی ڕووسیە هەڵاتوون. زۆر باشە، بەڵام کاتیک ئەفغانستان کەوتە دەستی تاڵبان، هەر ئەم دەوڵەتە ڕایگەیاندبوو کە سلۆڤێنیا بە هیچ جۆرێک ئامادەی وەرگرتنی پەناخوازانی ئەوێ نییە؛ پاساوێک کە دەیانهێنایەوە ئەوە بوو کە خەڵکی ئەفغانستان دەبا لەجێی هەڵاتن خۆڕاگرییان کردبا و بە چەک دژ بە تاڵبان خەباتیان کردبا. چەند مانگ پێش بە هەمان ئارگیۆمێنت، کاتێک کە هەزاران پەناخوازی ئاسیایی هەوڵیان دەدا تاکوو لە سنووری بێلاڕووس بپەڕنەوە بۆ لەهستان، دەوڵەتی سلۆڤێنیا تەنانەت بەم ئیددیعایە کە ئورووپا لەژێر پەلاماردایە پێشنیاری یارمەتیی سەربازیی لە لەهستان کرد.

بە ڕواڵەت کە دوو جۆر پەناخواز بوونی هەیە: "ئێمە" (ئورووپاییەکان)، کە هەمان پەناخوازە ڕاستەقینەییەکانن و ئەوانەی کە لە جیهانی سێیەمەوە هاتوون و مافی پێشوازیکردنی ئێمەیان نییە. دەوڵەتی سلۆڤێنیا لە تویتێکدا کە ٢٥ی فێبریوەر (واتە ڕۆژێک دوای پەلاماری ڕووسیە) بڵاوی کردەوە، ئەم جیاوازیدانانەی بە ئاشکرا ڕاگەیاند: "پەناخوازانی ئۆکراین لە باکراوەندی مێژوویی، ئایینی و فەرهەنگیی بەتەواوی جیاواز بەنیسبەت ئەفغانستانەوە دێن". کاتێک ئەم تویتە هەرای نایەوە، خێرا سڕییانەوە، بەڵام بۆ ماوەیەکی کورت دێوی ناحەزی ڕاستی لە "چرای سێحر" پڕییە دەرەوە.

ڕکەبەری لەسەر دزەی ژێئۆپۆلیتیک

ئەم بابەتەی پەناخوازان تەنیا بە هۆکارگەلی ئەخلاقی ناخەمە بەر باس، بەڵکوو باوەڕم وایە کە ئەم شێوەیەی "پشتگیری لە ئورووپا" لە کۆتاییدا بۆ ئورووپای ڕۆژاوایی لە ڕکەبەرییەکدا کە بۆ دزەی ژێئۆپۆلیتیکی جیهانی دەستی پێ کردووە، کارەساتبار دەبێت. میدیاکانی ئێمە لە ئەمڕۆدا تەرکیزیان خستووەتە سەر ناکۆکیی دووفاقەی کەشی "لیبراڵـ"ـی ڕۆژاوایی و کەشی "ئووراسیاگەراییـ"ـی ڕووسیە، بە جۆرێک کە هەر کامەیان و ئەوی دی بە هەڕەشە دەزانن: ڕۆژاوا هاندەری "شۆڕشە ڕەنگینەکان" لە ڕۆژهەڵاتە و لەلایەکی ترەوە ڕووسیەیان بە پەرەپێدانی "ناتۆ" گەمارۆ داوە؛ ڕووسیەش بە بێڕەحمییەکی تەواوەوە لە هەوڵی ئەوەدایە تاکوو کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هەموو ناوچەکانی سۆڤییەتی پێشوو بەدەست بهێنێت و هیچ کەسیش نازانێت کە لە کوێ بڕیارە ڕابووەستێت. "پوتین" هەر ئێستایش بۆمانی ڕوون کردووەتەوە کە ئەگەر بڕیار بێت "بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا" نزیکی ناتۆ ببنەوە، بڕیار نییە تەنیا دابنیشێت و بینەر بێت (واتە دەیەوێت لە جیابوونەوەی بەشی سێربنشینی بۆسنیا پشتیوانی بکات). هەموو ئەمانە بەشێک لە یارییەکی ژێئۆپۆلیتیکی گەورەترن، تەواوە کە تەنیا بوونی سەربازیی ڕووسیە لە سووریە کە دەسەڵاتی "ئەسەد"ی پاراست، وەبیر بێنینەوە.

ئەو شتەی کە ڕۆژاوا بەگشتی نکۆڵیی لێ دەکات، ئەو وڵاتانەیە کە لە زۆربەی نموونەکاندا تەنیا بینەری ئەم ناتەباییەن: واتە جیهانی سێیەم، لە ئامریکای لاتین هەتا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئافریقا هەتا ئاسیای باشووری ڕۆژهەڵات (تەنانەت چینیش ئامادە نییە لە ڕووسیە پشتیوانیی همەلایەنەی هەبێت، هەرچەند دەزانین کە چینیش بەرنامەی خۆی هەیە). لە هەمان ٢٥ی فێبریوەر "شی جینگ پینگ" سەرۆککۆماری چین لە پەیامێکدا بۆ ڕێبەری کۆرەی باکوور، "کیم جونگ ئون"، وتی کە ئامادەی هاوکاری لەگەڵ لایەنی کۆرەییە تاکوو "لە دۆخێکی نوێدا" وردەوردە پەرە بە پەیوەندییەکی دۆستانە و هاوکارییەکانی نێوان چین و کۆماری دێموکراتیکی خەڵقی کۆرە بدات. مەبەست لە "دۆخێکی نوێ" لێرەدا کۆدێک بۆ ئاماژەدان بە شەڕی ئۆکراینە. تەنانەت نیگەرانیگەلێکیش هەن کە چین ئەم "دۆخی نوێیە"ی بۆ ئاماژەدان بە "ئازادکردنی" تایوان بەکار بردووە.

ڕادیکاڵیزاسیۆن

بەم هۆکارەیە تەواو نییە کە بەتەنیا ئەو شتانەی کە ڕوون دێنە بەرچاو دووپات بکەینەوە. ڕاستی ئەمەیە کە شێوازی ئاخاوتنی (یان لانگاژ) پوتین هەموو شتێک ئاشکرا دەکات. لە ٢٥ی فێبریوەری ٢٠٢٢، پوتین داوای لە هێزە سەربازییەکانی ئۆکراین کرد کە دەست بەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکەی خۆیاندا بگرن و سەرۆککۆماریی "زلێنسکی" بڕووخێنن؛ کاتێک کە وتی: "بۆ ئێمە ئەوە ئاسانترە کە لەگەڵتان مامەڵە بکەین تاکوو لەگەڵ ئەو باندی موعتادان و نێئۆنازییانە (دەوڵەتی ئۆکراین) کە هەموو خەڵکی ئۆکراینیان بە بارمتە گرتووە". هاوکات سەرنج بدەین کە چلۆن ڕووسیە هەموو گەمارۆکان میلیتاریزە دەکات: کاتێک کە دەوڵەتە ڕۆژاواییەکان لەبارەی دەرکردنی ڕووسیە لە "سوێفت" (ناوەندیاری ترێنزئاکشێنزی ماڵی)  بڕیاریان دەدا، ڕووسیە وڵامی دایەوە کە ئەمە بەفەرمی ڕاگەیاندنی شەڕە – هەروەکی ڕووسیە هەتا بەر لەوە شەڕێکی بە تەواومانای دەست پێ نەکردووە! – نموونەیەکی تۆقێنەری دیکە کاتێک بوو کە لە هەمان ٢٤ی فێبریوەر، واتە هەمان ڕۆژی دەستدرێژیکردنە سەر ئۆکراین، پوتین هۆشداریی دا: "کەسانێک کە هەوڵ دەدەن لە دەرەوە لە کاری ئێمەدا دەستێوەردان بکەن، بزانن کە وڵامی ڕووسیە خێرا دەبێت و لێکەوتەگەلێکی لێ دەکەوێتەوە کە بەر لەوە هەرگیز ئەزموونتان نەکردووە". وەرن ئەم بۆچوونە بۆ ساتێکیش بووە بە جیددی وەربگرین: "دەستێوەردان لە دەرەوە" دەتوانێت سەدان واتای هەبێت کە تەنانەت ناردنی کەرەستەی سەربازی بۆ ئۆکراینیش لەخۆ دەگرێت؛ "لێکەوتەگەلێکی مەترسیدارتر لە هەر شتێک کە تا ئێستا لە مێژوودا بینیوتانە" یانێ چی؟ وڵاتانی ئورووپایی لانیکەم دوو شەڕی جیهانی بە ملیۆنان قوربانییان ئەزموون کردووە، بۆیە لێکەوتەی مەترسیدارتر تەنیا دەتوانێت یەکسان بێت لەگەڵ وێرانیی ناوکی. ئەمە هەمان ڕادیکاڵیزاسیۆنە (و نەتەنیا جۆری دەربڕین) کە دەبێ ئێمە نیگەران بکات: زۆربەمان چاوەڕێ بووین ڕووسیە دوای داگیرکردنی ئەو دوو کۆمارە کە لەژێر کۆنترۆڵی جیاییخوازانی "ڕووسیـ"ـیە، کۆڵ بدات یان لە خراپترین حاڵەتدا، هەموو ناوچەکانی "دۆنباس" (واتە دۆنێتسک و لوهانسک) داگیر بکات؛ هیچکەس بیری لە دەستدرێژییەکی تەواومانا بۆ سەر ئۆکراین نەدەکرد.

کەسانێک کە پشتیوانی لە ڕووسیە دەکەن یان لانیکەم دەڵێن کە لەم هەوڵانەی ڕووسیە "تێدەگەن"، بەڕاستی هاوڕێگەلێکی زۆر سەیرن! ڕەنگە داخبارترین بابەت ئەوە بێت کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە کەسانێک کە لە باڵی چەپی لیبراڵدان گومانیان دەکرد کە گشت ئەم قەیرانە تەنیا یارییەکی بافیشە، چونکە دوو لایەنی پێشهاتەکە دەزانن کە ناتوانن بچنە ژێر باری شەڕێکی تەواوماناوە، پەیامی ئەوان ئەمە بوو کە "ئارامیی خۆتان بپارێزن، خوێنسارد بمێننەوە، بڕیار نییە ڕووداوێک ڕوو بدات". بەداخەوە، دەبێ قەبووڵ بکەین کە حەق بە "جۆ بایدن" بوو کاتێک کە دە ڕۆژ پێشی وتی، پوتین بڕیاری هێرشکردنی داوە. دوای هێرشی ڕووسیە، هەندێک لە "چەپـ"ـەکان (کە بەڕاستی ناتوانم ئەم وشەیە بێ گیومە بەکار ببەم) بە باشتریان دەزانی کە ڕۆژاوا بە هەڵەکار بزانن: هەموومان چیرۆکەکە دەزانین، ناتۆ خەریک بوو وردەوردە ڕوسیەی گەمارۆ دەدا و ناسەقامگیری دەکرد، بە هێزی سەربازییەوە ڕووسیەی دەخستە تەنگانەوە، ڕۆژاوا خەریک بوو ئاژاوەی شۆڕشە ڕەنگینەکانی دەورووژاند و هیچ سەرنجێکی بە نیگەرانییە بەجێکانی ڕووسیە نەدەدا؛ وەبیری بێننەوە کە لە سەدەی ڕابردوودا ڕۆژاوا دوو جار هێرشی کردووەتە سەر ڕووسیە... هەڵبەت هەندێک ڕاستی لەم بۆچوونانەدا هەن، بەڵام پشتیوانیکردن لە وەها هەڵوێستێک وەکوو ئەوەیە کە بە ئیدانەکردنی پەیمانی ڤێرسای پشتیوانی لە هیتلێر بکەین، بەم پاساوەی کە ئەم پەیمانە ئابووریی ئاڵمانی لەنێو بردووە. سەرەڕای ئەوە، واتای تری ئەو هەڵوێستە ئەوەیە کە هێزە گەورەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی دزەکردنیان مافیان هەیە  تاکوو نەتەوە بچووکترەکان لە کوشتارگەی سەقامگیریی جیهانی بکەنە قوربانی. پوتین چەندین جار ئیدیعای کردووە کە ناچار بە دەستێوەردانی سەربازی بووە، چونکە هیچ بژاردەیەکی تری نەبووە. ئەگەر بمانهەوێت وەدوای ئارگیۆمێنتی ئەو بکەوین، هەرچەند لە چەندین ڕووەوە دروستە، ناتوانین دەستێوەردانی سەربازی وەکوو فۆڕمێک لە دروشمی "هیچ ئاڵترناتیڤێکی تر بوونی نییە" لەبەرچاو بگرین، مەگەر ئەوەی کە پێشتر بەرجەوەنی گشتیی ئەو لە سیاسەت وەک چوارچێوەی پێکدادانی هێزە گەورەکان بۆ بەرگریکردن و پەرەدانی ناوچەی دزەکردنیان، قەبووڵ کردبێت.

فاشیست کێیە؟

تۆمەتی "فاشیزمی ئۆکراینی" کە پوتین بەکاری دەبرد بە چ واتایەکە؟ (هەروەها سەیرە ئەگەر زلێنسکی بە نێئۆنازی بزانین، کاتێک کە خۆی جوولەکەیە و زۆرێک لە ئەژدادی خۆی لە هۆلۆکاستدا لەدەست داوە...) وەها دەنوێنێت کە دەبێ لە ڕاستیدا پرسیارەکە بەرەو لای خودی پوتین بسووڕێنینەوە: هەموو ئەوانەی کە لەبارەی پوتین تووشی ساویر بوون دەبێ سەرنج بدەن کە ئەو بە فەرمی "ئیڤان ئیلین" بە فەیلەسووفی کلینیکیی خۆی دەزانێت. ئیلین فەیلەسووفی ئیلاهییاتی سیاسیی ڕووسی بوو کە لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٢٠ (وەکوو بیرمەندێکی دژەکۆمۆنیست) لەسەر "کەشتیی بۆخاری فەیلەسووفانـ"ـی بەناوبانگ لە سۆڤییەتی پێشوو دوور خرایەوە. ئەو لە وێرژنی خۆی لە فاشیزمی ڕووسی کە هاوکات دژی بولشویزم و لیبراڵیزمی ڕۆژاوایی بوو، ڕوونوێنیی کرد. تیۆریی ئەو دەڵێت، دەوڵەت کۆمەڵێکی ئۆرگانیکن کە دەبێ لەلایەن پاشایەتییەکی باوکانەوە بەڕێوە بچن. لەم ڕووەوە لەلای ئیلین، سیستمی کۆمەڵایەتی وەکوو لەشێکە کە لەنێویدا هەر کام لە ئێمە پێگەیەکی تایبەتی هەیە و لە ئاکامدا دێموکراسی بۆ ئەو تەنیا ڕێوشوێنێکە: "ئێمە تەنیا دەنگ دەدەین تا پشتیوانیی بەکۆمەڵی خۆمان لە ڕێبەرەکەمان پشتڕاست بکەینەوە. بەڵام ڕێبەر ڕەوایی خۆی لە دەنگ یان بژاردەی ئێمە وەرناگرێت". ئایا هەڵبژاردنەکانی ڕووسیە لە دەیەکانی ڕابردوودا لە کردەوەدا بە هەمان شێوە بەڕێوە نەچووە؟ دەزانین کە لە ئەمڕۆدا بەرهەمەکانی ئیلین لە ڕێژەیەکی زۆردا لە ڕووسیە دووبارە لە چاپ دەدرێنەوە و بە شێوەی بەلاش لەم نووسراوانە لەنێوان ئەندامانی پایەبەرزی دەوڵەتی و هێزە سەربازییەکان بڵاو دەکرێنەوە. ئەلێکساندر دۆگین (لە تیۆریزانەکانی ڕووسیەی ئێستا و دامەزرێنەری "حیزبی ئووراسیا" کە بەهۆی پشتیوانی لە کوشتنی ئۆکراینییە دژەڕووسەکان هەرای ناوەتەوە) کە هەنووکە فەیلەسووفی بارەگای پوتینە، بەتەواوی لە جێ پێی ئیلین هەنگاو دەنیت، بەم جیاوازییە ساکارەوە کە کەمێک بە ئەو تیۆرییانە تامی پاش‌مۆدێڕنیتە و هەندێک ڕێژەییخوازیی مێژوویی زیاد کردووە:

"پاش‌مۆدێڕنیتە پیشان دەدات کە هەر ڕاستییەک لەسەر باوەڕێک بنیات نراوە. لە ئاکامدا ئێمە بەو کارەی کە دەیکەین باوەڕمان هەیە، بەو قسەیەی کە دەیکەین باوەڕمان هەیە و ئەمە تاقانە ڕێگایەکە بۆ پێناسەکردنی ڕاستی. ئێمەیش ڕاستیی تایبەتی ڕووسیی خۆمان هەیە و ئێوە ناچارن کە قەبووڵی بکەن. ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا نایەوێت شەڕێک دەست پێ بکات، دەبێ قەبووڵ بکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئیتر تاقانە ئەرباب نییە: و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سووریە و ئۆکراین، ڕووسیە دەڵێت، 'نا، تۆ سەرۆک نیت، تۆ چیدی سەرۆک نیت'. پرسەکە ئەوەیە کە چ کەسێک جیهان بەڕێوە دەبات. و تەنیا شەڕ بەڕاستی دەتوانێت لەم پەیوەندییەدا بڕیار بدات. تەنیا شەڕە کە پیشان دەدات کە سەرۆک کێیە".

بەڵام پرسی بەپەلەی ئێمە ئەوەیە: خەڵکی سووریە و ئۆکراین چی؟ ئایا ئەوانیش دەتوانن باوەڕ/ ڕاستیی خۆیان هەڵبژێرن یان تەنیا زەویی یارین بۆ ململانێی "ئەربابانی جیهان"؟ ئەم ئایدیایە کە هەر "فەرهەنگێک" ڕاستیی خۆی هەیە، هەمان شتە کە پوتینی لەنێوان ڕاستی پۆپۆلیستی نوێ تا ئەم ڕادەیە خۆشەویست کردووە – سەیر نییە کە ترامپ و ڕاستگەراکانی تر لە دەستێوەردانی سەربازیی ئەو لە ئۆکراین وەکوو هەوڵێکی "بلیمەتانە" پێشوازییان کرد - کاتێک کە پوتین باس لە سڕینەوەی نازییەکان دەکات، وەرن با تەنیا وەبیر بێنینەوە کە ئەمە هەمان پوتینە کە بە تەواوی لە ماری لوپن لە فەرانسە، لێگا نورد لە ئیتالیا و گشت بزووتنەوە نێئۆفاشیستەکانی ئەمڕۆکە پشتیوانی دەکات.

ئێمە لە خراپەی هەموو فۆڕمەکانی داگیرکاریی نوێ ڕزگار بکەن

بەڵام لە هەموو ئەم تیۆرییانەدا هیچ خاڵێکی سەیر بوونی نییە: هەموو ئەو باسانە لەبارەی "ڕاستیی ڕووسی" لەیاد بکەن، ئەو باسانە تەنیا ئوستوورەیەکی لەبەردەستان بۆ پاساوی هێزیانە. کارێک کە پوتین دەیکات شتێک نییە جگە لە کۆپیهەڵگرتنی زۆر درەنگ لە فرەخوازیی ئیمپریالیستیی ڕۆژاواییەکان. بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەم فرەخوازییە دەبێ پردێک دروست بکەین بەرەو وڵاتانی جیهانی سێیەم کە زۆرێک لەوان پێڕستێکی درێژیان لە هۆکارگەلێکی شیاو بۆ ناڕەزایەتی لە داگیرکاری و چەوساندنەوەی ڕۆژاواییەکان هەیە. تەواو نییە کە بە تەنیا "لە ئورووپا بەرگری بکەین": ئەرکی ڕاستەقینە ئەوەیە کە وڵاتانی جیهانی سێیەم بە قەناعەت بگەیەنین کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشە جیهانییەکانمان، دەتوانین هەڵبژاردەیەکی باشتر لە ڕووسیە و چین بخەینە بەر دەستیان. و تاقانە ڕێگا بۆ وەها کارێک ئەوەیە کە ڕوانگەی خۆمان بە تەواوی ببەینە ئەودیوی ئەو ئاکارباشییە سیاسییەی پاش‌داگیرکاری، تاکوو بەگشتی لە خراپەی فۆڕمەکانی داگیرکاریی نوێ (نێئۆکۆلۆنیاڵیزم) ڕزگارمان بێت.

ئەگەر وەها نەکەین، ئەوکات تەنیا دەبێ سەرمان سووڕ بمێنێت کە بۆچی کەسانێک کە دانیشتووی جیهانی سێیەمن، تێناگەن کە بە بەرگریکردن لە ئورووپا هاوکات خەریکین بۆ ئازادیی خەڵکی ئەوانیش خەبات دەکەین – ئەوان ئەمە نابینن چونکە ئێمە بەڕاستی وەها خەباتێکمان نەکردووە – ئایا بەڕاستی بۆ وەها شتێک ئامادەین؟ من بە دووری دەزانم.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.