کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە سوید بەرز راگیرا

19:39 - 27 رەشەمه 2714

کوردستان میدیا: لە رێوڕەسمێکدا یادی ٢٧مین ساڵڕۆژی کارەساتی شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە بە بەشداریی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە ٢٥ی رەشەمەی ١٣٩٣ی هەتاوی، فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان بۆ یاد کردنەوەی ٢٧مین ساڵڕۆژی کارەساتی شیمیایی‌بارانی هەڵەبجە رێوڕەسمێکی لە شاری ستۆکهۆڵم پێتەختی وڵاتی سوید پێک هێنا.

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ سوید بە سەرپەرستی ئەنوەر کاکایی بەرپرسی کۆمیتەی سوید لەو رێوڕەسمە ماتەمینییەدا بەشداریی کرد.

رێوڕەسمەکە لەلایەن کوردۆ باکسی بە وتەیەکی کورت لە سەر شیمیایی‌باران و شەهیدانی هەڵەبجە کرایەوە.

پاشان بە راگەیاندنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدان رێگای ئازادیی کورد و کوردستان، بەتایبەت شەهیدانی ئەو کارەساتە نامرۆڤانەیە دەستی پێکرد.

لەو رێوڕەسمەدا کۆمەڵێکی بەرچاو لە پارلەمانتار و کاربەدەستانی دەوڵەتی سوید بەشدارییان کردبوو و لەبارەی ئەو کارەساتە دژە مرۆییە وتار و پەیامی تایبەتیان پێشکەش کرد، کە یەکێک لەو پەیامانە پەیامی ئۆسا رۆمسۆن، جێگری سەرۆک وەزیرانی وڵاتی سوید بوو و لەلایەن خۆیەوە پێشکەش کرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆڕەکەدا پەیامی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید، پەیامی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان و پەیامی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییەکانی کوردستانی و چەندین شێعر و پارچە مۆسیقای ئارام پێشکەش کران.

ئاویەر.ت