جەماڵ عەبدوڵڵازادە
ئەحمەد خزرزادە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە گوندی کانی بداغ لە دایک بوو. ئەحمەد هەر وەکوو زۆربەی مناڵانی کورد بو فێربوون و بەرز کردنەوەی زانیاریەکانی خۆی وێرای یارمەتی بە بنەمالەکەی لە کاروباری بنەماڵە لە ئاژەڵداری و وەرزێری دا، چوو بۆ قوتابخانەی گوندەکەیان و قۆناغی سەرتایی لە کانی بداغ کۆتایی پێهێنا. بە هۆی ئەوەکە لە گوندەکەیان قوتابخانەی قۆناغی ناوەندی لێ نەبوو رووی لە شاری قارەمانپەروەری نەغەدە کرد و درێژەی بە خوێندن دا. پاش شۆرشی گەلانی ئێران بە دژی حکوومەتی پاشایەتی بە ناچار دەستی لە خویندن هەڵگرت و گەڕایەوە بۆ گووندەکەی خۆیان. ئەحمەد خزرزادە بە هۆیی ئەوەی کە چیتر درێژەدانی بە خوێندن لە دەرەوەی گوندەکەی خۆی بۆ نەدەرەخسا رووی لە خوێندنی ئایینی کرد و لە گوندەکانی خورینج ، گرداشەوان و شێلمجاران و ماوەیەکیش لە باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی بە خوێندنی ئایینی دا کە هەر بەم هۆکارە ناسناوی 'مەلا ئەحمەد' ی دەرکرد. مەلا ئەحمەد کە هەر لە لاوهتییهوه هەستی کوردایەتی و نیشتمانپەرەوەری هەبوو و وەکوو زۆربەی لاوانی بەرپرس و دڵسۆز هەستی بە زووڵم و زۆری حکوومەتەکانی زاڵ بە سەر کوردستان دا دەکرد و بە تایبەت پاش روخانی حکوومەتی پاشایەتی و راگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئاشنابوونی زیاتر بە ویست و داخوازیەکانی گەلی کورد بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکرات ئۆگری ئەو حیزبە و بەرنامە و پەیڕەوەکەی بوو و دەستی بە هاوکاری کردن لە گەل حیزبی دێموکراتدا کرد .
مەلا ئەحمەد لە سالی ١٣٦٥هەتاوی کاتێک کە خەریکی خوێندنی وانەی ئایینی بوو نەیتوانی بە شیوەی ئاسایی دریژە بە تێکۆشانی نهێنی بدا بۆیە راستەوخۆ پەیوەست بوو بە حیزبی دێموکرات و لە هێزی کێلەشینی ئەو کاتدا رێک خرا و چەکی شەرەف و باوەڕی کردە شان.
مەلا ئەحمەد پێشمەرگەیەکی بە ئیمان، بە دیسپلین ، بە ورە، شۆرشگێر ، ئازا و قارەمان بوو. ناوبراو لە سالی ٦٥ و ٦٦ هەتاوی ئەو کاتەی کە لە هێزی کێلەشین بوو لە زۆربەی شەرەکانی شنۆ و دەورووبەری بە تایبەت دەشتی شنۆ و گەڵی گادەران بەشداری چالاکانەی هەبوو. شەهید ئەحمەد لە عەمەلیاتی گرتنی ٧ پایگای گەلی گادەران لە سالی ١٣٦٥ی هەتاوی کە هەر ٧ پایگاکە لە لایەن هێزی پێشمەرگە دەستی بە سەردا گیرا بەشداریی چالاکانەی هەوبوو و لەو شەرە دا رۆلی بەرچاوی گیراو و قارەمانەتی نواند و ئێستاش هاورێیانی قارەمانەتی و شەری بوێرانەیانەی ئەو کاتی بۆ یەکتر و نەوەی نوێ دەگێرنەوە بە داخەوە لەو عەملیاتەدا دوو پێشمەرگەی قارەمان بە ناوەکانی شەهید شەهاب سەییادی و شەهید سەدیق رۆستەم نیژاد شەهید بوون و پێوەست بە کارەوانی لەبڕاننەهاتوو و سوورخەڵاتی گەڵ بوون.
مەلا ئەحمەد بە هۆیی گیرو گرفتی بنەمالەیی بۆ ماوەیەک لە حیزب دابراو رۆیشتەوە ناوخۆی وڵات، بەلام هەستی کوردانەی و فشار و ئەزیەتی سپای پاسداران و ئیتلاعات و ئوگری و وەفاداری بە حیزب و گەلەکەی بۆ جارێکی دیکە ناچاری کرد رووی لە دیاری یاران و هاوڕێیانی خۆیی بکاتەوە و بگەڕێتەوە نێو رێزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەمجارە لە ناوەندی ١ی کوردستان سازمان دراو و زۆر چالاکانەو و حیزبیانە لە وێش درێژەی بە خزمەت بە حیزب و گەل و نیشتمانەکەی دا .
شەهید مەلا ئەحمەد کە پێشمەرگەیەکی قارەمان و شۆرشگیر ، ئاگا و دلسۆزی حیزب و گەلەکەی بوو متمانهی لە نێو پیشمەرگە و هاوسەنگەرانی دا پەیدا کردبوو هەر بۆیەش پاییزی سالی ١٣٦٩ی ھەتاوی لە سەر داوای کۆمیتە شارستانی نەغەدە نەقلی هێزی قەندیل و کۆمیتە شارستانی نەغەدە کراو وەک کادر و پێشمەرگەی کۆمیتە شارستانی نەغەدە دریژەی بە کار و چالاکیەکانی لەکۆمیتە شارستانی نەغەدە دا. زۆربەی کادرەکانی کۆمیتە شارستانی نەغەدە دەیان ناسی بەلام من ناسیاویم لە سەری نەبوو و تەنیا ناوم بیستبوو .
مەلا ئەحمەد کورێکی خۆش فکر و هەمیشە بزەیی لە سەر لێوان بوو روو خۆش و لە بەر دڵان ، راستگۆ بە دیسیپلین و شۆرشگێر و قارەمان و چاو نەترس و زیرەک بوو ھەر لە رۆژەکانی ھەوەل را کەوتە بەردڵم و وردە وردە بووین بە دوهاورێی زۆر نیزیک.
لە بەھاری ١٣٧٠ی هەتاوی کاتێک گەراینەوە بۆ ناوچە تیمێک لە پێشمەرگەکانی ھیزی قەندیل لە گەل ئێمە ھاتنەوە بۆ ناوچەی نەغەدە ھەم بۆ ھاوڕێیەتی و پاراستنی گیانی کادرەکانی کۆمیتەی نەغەدە و ھەم بۆ جەولەیەکی سیاسی نیزامی. لە کاتی گەیشتنەوەمان بۆ ناوچەی نەغەدە چەندین چالاکی مان بەرێوە برد. ٣ رۆژ لە سێ شوێنی جیاواز وەکوو شاخی فەرەنگ و گوندی سێلەکە و شاخەکانی ھۆمام و گەرگوول توشی شەر و دەرگیری بووین لەو جەولەیە دا لە کاتی تێکهەلچوونەکان لە گەل دوژمندا شەھید مەلا ئەحمد زۆر ئازایانە لە دەرگیرێکان دا بەشدار بوو، زۆر قارەمانانە شان بە شانی پێشمەرگەکانی تر شەری کرد (دیارە لێرە دا ناکرێ باسی رۆلی قارەمانانەی فەرماندە کان وەک کاک محەممەدە رەش فەرماندەری ھێزی قەندیل و کاک سمکۆ ئیسمایلزادە بەرپرسی کۆمیتە شارستانی نەغەدە، شەھیدان قادری حاجی پور سەرلک، شەھید قادر قادری سەرپەل و کۆمەڵێك ھاورێی تر نەکەین، کە لیرە دا بە ھۆی کورتی نووسینەکەم ناتوانم باسیان بکەم) .
پێشمەرگەکانی هێزی قەندیل پاش چەند رۆژ مانەوە و چالاکی سیاسی نیزامی گەرانەوە بۆ شوینی دیاری کراویان. مەلا ئەحمەد لە چەندین شەر و دەرگیری نیزامی تر لە سالی ١٣٦٩ی هەتاوی لە ناوچەی نەغەدە وەک شەرەکانی گرتن و کۆنترۆل کردنی جادەی نەغەدە پیرانشار، گرتن و کۆنترۆل کردنی جادە کەمەربەندی نەغەده ورمێ، کۆنترۆل کردنی جادەی ترانزیتی نەغەدە ورمێ مهاباد لە نیزیک گوندەکانی تازە قەلا و ئۆخسەر و شەری ناو گوندی قەرەقەساب بەشدار بوو و رۆلی چالاکانەی هەبوو .
کادر و پێشمەرگەکانی کۆمیتە شارستانی نەغەدە کە ئەو سال (١٣٦٩)دە کەس بوون و بریتی بوون لە ١- تیمی شمارە ١ کە لە شارستانی نەغەدە ، سندووسی خوارو و شاروێرانی سەروو چالاکیان دەکرد بریتی بوون لە کاک سمکۆ ئیسماعیل زادە بەرپرسی کۆمیتە، شەهید کەماڵ دوورگە، جەمال عەبدوللازادە، شەهید ئەبوو رەحیمی(چەقەل مستەفا) و رەوانشاد پیرۆت رەسول زادە
تیمی شمارە ٢ کە لە شارستانی نەغەدە و سندووسی سەروو کار و چالاکیان بەرێوە دەبرد بریتی بوون لە کاک سەید محەممد، شەهید ئەحمد بابەکە، شەهید برایم بالقچی، شەهید مراد دریازی و شەهید مەلا ئەحمد خزری.
کۆمیتە لە یەکەمین رۆژەکانی چالاکی خۆی ئەرکی رۆیشتن بۆ ناوشاری نەغەدە بۆ ھێندێک کار و چالاکی لە ناو شاردا بە من و مەلا ئەحمەد سپارد و لەو ماوەیە دا بۆم دەرکەوت کە شەھید مەلا ئەحمەد چەندە ئینسانێکی بە دیسیپلین، کاری و زەحمەت کێش و حیزبی و شۆرشگیرە و زۆریش رەخنە هەڵگر بوو. رۆژێک کە لە ناوشاری نەغەدە لە مالێک مابووینەوە بێ ئاگاداری ئیمە مالەکە خزمێکی خۆیان کە زۆر حیزبی بوون و ئیمەش باش دەمان ناسی ئاگادار کردبۆوە کە ئیمە لەو مالە ماوینەوتەو ئیمە کە لە ژوورێک دانیشتبووین و رەخت و تفەنگەکانمان و پشتند ( پشتێندی پێشمەرگە زۆربەیان پتر لە ٩ میتر بوو کە دەبا لە قەد و کەمەری خۆمان ھالاندبا ھەتا رەخت و فیشەکدانەکانمان بە باش رابوەستێ و بەدەنمان ئەزیەت نەکا)کردبووە و بە پەتۆیەک رەخت و تفەنگەکانمان ھەشار دابوون ھەتا منالی بنەمالەکە نەیان بینێ و بۆیان نەبێ بە پرسیار کە ئیمە کێین و ئەو رەخت و تفنگانە چین .
کابرا کە ناتوانم لێرە دا ناوی بێنم ھەرکە ھاتە ژورەوە و ئیمەی ئاوا دیت زۆر نارەحت و تورە بوو. تهمهنی لە ئیمە زۆر تر بوو پێش ئەوەی سلاو و ئەحوال پرسی بکا بە سەرمان دا گوراندی گوتی ئێوە چۆن لە ناو شاری نەغەدە لە ناو دڵی دوژمنێکی ئاوا درندە و تا ددان موسەلەح ئاوا تفگەکانتان ھەر یەکەی لە شوینێک کەوتوە و شاردووتانەتەوە و ئاوا بێ خەم لێی کەوتوون ! باشە ئیستا ئەوە پاسدار بان و لێتان هاتبانە ژورەوە تا ئیوە پشتندەکانتان دەبەستەوە رەخت و تفنگتان دەبەست !! بە سەدان پاسدار و بەکرێ گیراو دەکەوتنە سەرتان ئیوە کە ھیچ ئامادەگیتان نیە چۆن بەرگری لە خۆتان دەکرد چۆن خۆتان پێ دەرباز دەبوو !؟ خۆ ئیوە جەستەتان ھەر ئی خۆتان نیە مادام ھاتونە ناو ئەم شۆرشە گیان و جەستەتان ئی ھەموو گەلی کوردە ئیوە ھەمیشە دەبێ لە کاتی ھێرش کردنە سەرتان دەبێ لە فکری خۆ دەرباز کردن دابن ئەگەر نەشتوانن خۆ دەرباز بکەن لانی کەم تا پێش شەھید بوون تان دەبێ چەندین پاسدار و خۆفرۆش بگوژن ئەگەر نەتوانن لە خۆتان بەرگری بکەن ئابروو چوونە !
قسەکانی زۆر راست و بەجێ بوون و ئیمە ھەستاین خۆمان خر کردەوە و جوان لە بیرمە مەلا ئەحمد پێی گووت زۆر جوان بوو قسەکانت و رینوینێەکی باشت کردین بەلێنیت پێ دەدەم تازە تا لە ناوخۆی ولات بم و دوژمن لێم نیزێک بێ ھیچ کات پشتێند و رەخت و تفەنگ ناکەمەوە و بە راستیش بهڵێنیهکەی خۆی بە جێ گەیاند.
ئیمە ئەو مەئموریەتەمان بە سەرکەوتووییەوە بە جێ گەیاند و سەردانی چەندین شوێنمان کرد و ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانمان جێ بە جێ کرد . پاش چەند رۆژ لە شار ھاتینە دەرەوە و پێوەست بە تیمە تەشکیلاتیەکانی خۆمان بووینەوە
مە لا ئەحمەد بەھاری ٧١ بە ھۆیی ھێندێک گرفتی شەخسی وازی له پێشمەرگایەتی هێنا بەلام ھەروەک ئەندامی حیزبی مابۆوە.
مەلا ئەحمەد خێزاندار بوو لە سالی ١٣٧٠ی هەتاوی لە گەل خاتوونێک بە ناوی سوهیلا زەماوەندی کرد و کورێکیان هەبوو بە ناوی رێبەر.
٦ی رێبەندانی١٣٧٢ ھەتاوی کاتێک لە گەل ھاورئیەکی دیکە بە ناوی مەجید سلدوزی بۆ ھێندێک کاری شەخسی دەرۆن بۆ رەواندز لە شوینێک بە ناوی قەلای میری کویران لە نێوان شاری دیانا بۆ رەواندز لە لایەن چەن چهكداردەستگیر دەکرێن و بە قۆلبەستی و زۆر نامرۆڤانە رادەستی دوژمینی سوێندخواردوو و جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی دەدرێنەوە و رەوانەی زیندانی گوڵمان خانەی ورمێ دەکرێن و پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر رەوانەی بەندیخانەی دەریای ورمێ دەکرێن هەتا لەوێ دریژە بە ئازاری روحی و جسمییان بدرێ و ماوەی بەندیخانەیان تا کاتی ئیعدام لە وێ تێپەر دەکەن .
بە گویرەی گێرانەوی ئەو کەسانەی لە گەل وی ھاوبەند بوونە ولە نیزیکەوە دەیان ناسی مەلا ئەحمد زۆر شۆرشگێرانە و بوێران لە ژێر ئەشکەنجە بێ رووحمانە و وەحشیانەیان دا خۆی راگرت و تەسلیمی دوژمنی زۆردار و زالم نەبوو ، رێژیمی دژی گەلی ئاخووندی کە تابی خۆراگری ئەو قارەمانەی دێموکراتی نەدەکرد رۆژی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٧٥ لە دادگایەکی چەند چرکەیی دا بێ ئەوەی شەهید مەلا ئەحمد بتوانێ لە پارێزهر کەلک وەر بگرێ و هەتا بتوانێ لە خۆیی بەرگری بکا، حوکمی ئیعدامی پێ رادەگەیندرێ و رۆژی ٥ ی رەزبەری ١٣٧٥ پاش ٢ سال ئازار و ئەشکەنجە دانی حوکمی ئیعدام بەرێوە دەبن.
هاو بەندیەکانی دەگیرنەوە کاتێک کە دەیبەن بۆ ئیعدام کردنی بە روحیەیەکی بەرزەوە بە هاو بەندیەکانی دەلێ ئەوە من رۆیشتم روحیەی شورشگێرانەتان لە دەست مەدەن و چۆک بۆ داگیرکەر و دوژمن دامەنوێنن. مەلا ئەحمد لە کاتی لە سێدارەدانی سروودی نەتەوەیی
ئەی رەقب دەلێتەوە و ئاخیر هەناسەکانی ژیانە سەربەرزانەکەی دەکێشێ و پەیوەست دەبێ بە کاروانی لەپسان نەهاتویی شەهیدانی کورد و کوردستان
روحی شاد و رێگای پر لە رێبوار بێ.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.