کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەبێ بەشداریی نوێنەری کەمینەکان و نەتەوەکانی تر پەسند کرا

12:38 - 4 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: مەجلیسی عێراق لە حاڵێکدا کە کەمینەکان و نەتەوەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەی مەجلیسیان بایکۆت کردبوو، یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی بە مەبەستی هەلی بەرابەر بۆ بەشداریی بەربژێرە سەربەخۆوە سیاسییەکانی پەسەند کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ٣ی بەفرانبار، پارلمانی عێراق یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراقی پەسند کرد و بەپێی یاسای نوێ، بەربژێرە سەربەخۆوە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی وڵات، هەلی بەرانبەریان بۆ دەڕەخسێت.

ئەو یاسایە لە حاڵێکدا پەسند کرا کە کەمینە ئایینییەکانی عێراق وەک: "مەسێحی و ئیزەدییەکان" و هەروەها زۆربەی "یاسادانەرە کوردەکان" و هەندێک لە "عەرەبە سوننەکان"، ئەو کۆبوونەوەیەی پارلمانیان بایکۆت کردبوو.

پێشتریش فراکسیۆنە کوردەکانی پارلمانی عێراق ڕایانگەیاندبوو کە هەر یاسایەک کە بەبێ بەشداریی نەتەوەکانی دیکە پەسەند بکرێت، لەلایەن ئێمەوە بایکۆت دەکرێت.

یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی خۆپیشاندەرانی عێراقی، هاتنە سەرکاری سەرۆکوەزیرانێکی سەربەخۆ لە  ڕەوتە سیاسییەکان بوو کە لەو کۆبوونەوەیەی مەجلیسدا بڕیاری لەسەر درا.

سەرەڕای ئەوە, خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق بەردەوامە و هێشتا نیشانەیەک لە قەناعەت پێهێنانی خۆپیشاندەران بەو بڕیارە دەرنەکەوتووە.

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراق کوژراو و بریندارێکی زۆری لێکەوتەوە، سەرەڕای ئەوە خەڵکی خۆپیشاندەر توانییان سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە ناچار بە دەست لە کار کێشانەوە بکەن و سەرەکیترین خواستی خۆپیشاندەران، کۆتایی پێهێنان بە دەستێوەردانە دەرەکییەکانە لە وڵاتەکەیاندا.