کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتالیا گەشتەکانی بۆ ئێران ڕادەگرێت

11:50 - 24 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: گەورەترین کۆمپانیای دەوڵەتی ئیتالیا، بە هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا، دژی ڕێژیمی ئێران، لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینیدا گەشتەکانی بۆ ئێران ڕادەگرێت.

"ئێلیتالیا"، گەورەترین کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئیتالیا ڕاگەیاندووە، کە لە سەرەتای مانگی ژانویەی ساڵی نوێی زایینیەوە، سەرجەم گەشتەکانی ڕۆم ـ تاران بە هۆی سزا ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران ڕادەگرێت.

هەتا چەندین کۆمپانیای فڕۆکەوانی وەک "بریتیش ئایرویز، ئایر فرانس و KLM، گەشتەکانیان بۆ ئێران ڕاگرت.

ئەو کۆمپانیا فڕۆکەوانیانەی کە فڕینی ڕاستەوخۆیان بۆ ئێران هەبووە، لە دوای ڕاگەیاندنی خولی یەکەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ئەم ڕێژیمە،  کارەکانیان لەگەڵ وڵاتی ئێران ڕاگرتووە و هیچ فڕینێک بۆ ئێران ئەنجام نادەن.

لە ماوەکانی پێشتردا کۆمپانیای "مای تایلەندی" و کۆمپانیایەکی مالێزی لەبەر هاوکاریکردن لەگەڵ کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان ئایری سەر بە ڕێژیم، کەوتنە ناو لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکاوە.

دوای ئەوەی کە ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە و گەمارۆوەکانی لەسەر ڕێژیمی ئێران سەرلەنۆی کارا کردەوە، زۆربەی ئەو کومپانیا جیهانییانە کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری دەکەن، پرۆژەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێننەوە.