کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی "مەحموود خدری نەبی" پێشمەرگەی دێرینی حیزب گوشاری خستە سەر بنەماڵەکەی

12:18 - 28 سەرماوەز 2720

لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی "مەحموود خدری نەبی" پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی کەوپەڕ، ئیتلاعاتی ڕێژیم گوشاری خستبووە سەر بنەماڵەکەی کە نابێت ڕێوڕەسمەکە بەڕێوە بچێت.

بنەماڵەی خوالێخۆشبوو " مەحموود خدری نەبی" لە ئاوایی "کەوپەڕ"، دۆستان و خزمانیان ئاگادار دەکەنەوە کە ٢٦ی سەرماوەز کاتژمێر ۲ی پاش‌نیوەڕۆ، ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینیان دەبێت.

بەیانیی ڕۆژی ۲٦ی سەرماوەز، ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار بە ژمارەی نەناسراوەوە پەیوەندی لەگەڵ کوڕەکانی کاک مەحموود دەگرێت و هۆشدارییان پێ دەدەن کە لەو ڕۆژەدا (۲٦ی سەرماوەز) بە هیچ جۆر بۆیان نییە چلە بگرن.

هێزەکانی ئیتلاعات هەروەها پێیان ڕاگەیاندوون ئەگەر بە قسەشیان نەکەن ئەوان بە هێزی چەکدارەوە دێن و سووکایەتی بە خۆیان و بە میوانانیان دەکرێ و ڕەوانەی گرتووخانەیان دەکەن؛ هەروەها پێیان دەڵێن غەیری ئەو ڕۆژە، ڕۆژەکانی تر ئازادن.  

ئەندامانی بنەماڵەی خوالێخۆشبووش لەبەر ئەوەی سووکایەتی بە میوانەکانیان نەکرێت، بە قسەیان دەکەن. دیسان هەموو دۆستان و خزمانیان ئاگادار دەکەنەوە کە بەرنامەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە و ئیدارەی ئیتلاعات گوتوویەتی کە ئەمڕۆ نابێ، بۆیە چلەی ماتەمینەکەیان دوا دەخەن بۆ ڕۆژی دواتر واتا ٢٧ی سەرماوەز وەدوا خرا.

سەرلە بەیانیی ۲۷ی سەرماوەز ژمارەی نەناسراوی ئیدارەی ئیتلاعات، بۆ زۆرێک لە دۆستانی خوالێخۆشبوو "مەحموود خدری نەبی" زەنگ لێدەدات کە جگە لە خزمانی نزیکی نەبێت کەس بۆی نییە لە چلەدا بەشدار بن.

بەو حاڵەشەوە خەڵک گوێیان بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی ئیتلاعات نەداوە و لە پیرانشار و دێهاتەکانی "بەری مێرگانـ"ـەوە لە گۆڕستانی "کەوپەڕ"، کۆبوونەوە.

پاسگای ئینتیزامیی کەوپەڕ بەڵێنی و واژۆ لە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو وەردەگرن کە ئەو ڕێوڕەسمە لە کاناڵ و میدیا نافەرمییەکان نابێ بڵاو بکرێتەوە.

ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی ناوبراو بە بەشداریی زیاتر لە هەزار کەس، کاتژمێر ٢:٣٠ی  پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۲۷ی سەرماوەز دەستی پێکرد.

لە دەسپێکدا، "حاجی بایز نیکبەخت"، (بەرپرسی گرووپی شاخەوانانی هەڵگورد) چەپکەگوڵێکی لەسەر گڵکۆی خوالێخۆشبوو دانا و پاشان بە خوێندنەوەی شێعرێک، پەیامی تایبەتی خۆی بەنیسبەت نیشتمانپەروەری و کەسایەتی و خەمخۆریی کاک مەحموود خوێندەوە.

دواتر پەیامی بنەماڵەی کاک مەحموود لەلایەن کوڕی خوالێخۆشبوو، "محەممەدئەمین نەبی" خوێندرایەوە.

پاشان بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە لقەگوڵیان لەسەر گڵکۆی ناوبراو دانا؛ لە کۆتاییدا لەلایەن لاوانی "بەری ‌مێرگان" چەند هەڵبەستێک خوێندرایەوە.

پاش بڵاوەکردنی خەڵک و کەمبوونەوەی بەشداران، هێزەکانی  ئەماکن و ئیتلاعات هێرش دەکەنە سەر خەڵک و هاووڵاتییەک دەسبەسەر دەکرێت.