کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیجلاسی ڕیاز: ڕێژیمی ئیران کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا بێنێت

21:28 - 20 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەڕەشە و نیگەرانیی وڵاتانی دراوسێی لێکەوتووەتەوە و لەو پێوەندییەشدا وڵاتانی عەرەبی بەردەوام هۆشداریان بە ڕێژیمی ئێران داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چوارەمین کۆبوونەوەی سەرانی وڵاتانی عەرەب و ئامریکای لاتین ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێناو و داوایان لە ڕێژیمی ئێران کرد کە دەس لە وڵاتانی ناوچە وه‌رنه‌دات.

لەو کۆبوونەوەیەدا، هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیمی ئێران کە بووتە هۆی ئەوەیکە ئەمنییەت و سەقامگیری لە ناوچەکەدا تێک بدات، مەحکووم کراوە.

پێشتریش، عادڵ ئەلجۆبەیر لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا، ڕێژیمی ئێرانی بە داگیرکەر لەقەلەمدا و داوای لەو ڕێژیمە کرد کە کۆتایی بە سیاسەتی داگیرکارانە و دەستێوەردانی لە ناوچەكه‌دا بێنێت.

هەروەها، شێخ خالید بن ئەحمەد ئالی خەلیفە وەزیری دەرەوەی بەحرەین، ڕۆژی شەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەمنییەتی _ ناوچەیی ڕایگەیاند کە مەترسیی کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی عەرەبیدا کەمتر نییە لە مەترسیی داعش.

شورای هاوکاریی کەنداو لەکۆتایی ١٣٦ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی شورای هاوکاریی کەنداودا، کە لەوڵاتی عەرەبستانی سعوودی بەڕێوەچوو، له‌هه‌مبه‌ر هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لەناوچەکەدا، هۆشداریی جیددیان بەو ڕێژیمە داوه‌.