کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیددعای بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران نیسبەت بە دزەکردنی ئیسرائیل لە نێو سپای پاسداراندا

16:21 - 24 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ چەندمین جارە باس لەوە دەکەن، کە ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، سیخوڕەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلی تێدایه.

جێگری پێشووی حەسەن ڕۆحانی، "مەجید ئەنساری"، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "جماران" باسی لەوە کردووە، کە ئیسرائیل لە سپادا سیخوڕی هەیە.

ئەو بەرپرسە پێشووەی ڕێژیم، لە درێژەدا وتوویەتی: "ناوەندەکانی سپا، ناوەندە کاریگەر و پیرۆزەکانی ئینقلاب، زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە شوێنی مۆرەکانی ئیسرائیلن".

ئەوه بۆ یەکەمجار نییه، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن، کە ئیسرائیل و "دوژمنانی ئێران" لە نێو دامودەزگا ئەمنییەتی و نیزامییەکاندا دزەیان کردووە.

لە دوای ئاشکرا کردنی هەزاران فایل لە دۆسییەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە، هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم ئیددعای ئەوەیان کرد، کە مۆرەی دەستنیشانکراوی بێگانەکان لە شوێنە گرینگەکانی دەسەڵاتدا هەن و زانیاری کۆ دەکەنەوە.

لەو پێوەندییەدا، خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، هەتا ئیستە چەندین جار و لە دوایین جاردا لە کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندە نیزامییەکانی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، دوژمن بۆ دزەکردن لە نێو دامودەزگاکانی دەسەڵاتدا هەوڵ دەدات.