کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدعای کارمەندێکی پێشووی وەزارەتی ئیتلاعات: لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەفسەرێکی فەرانسە، "ڕوحوڵڵا زەم" ڕادەستی ئێران کراوە

16:54 - 18 خەزەڵوەر 2721

''ئەکبەر خۆش کۆشک'' کە لە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێراندا بووە، لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی ''ڕوویداد ٢٤'' بەنیسبەت چۆنیەتیی ڕادەستکردنی ''ڕوحوڵڵا زەم'' بەڕێوەبەری ''ئامەد نیوز'' کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئێعدام کرا، زانیاریی خستووەتە ڕوو.

ئەو ماڵپەڕە باس لەوە دەکات کە لە کاتی هێرشی داعش لە عێراق، ئەفسەرێکی ئەمنییەتیی فەرانسە کە بە ناوی ساختەیی و بە مەبەستی ودەستهێنانی زانیاری ببووە ئەندامی داعش، لەلایەن گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر دەکرێت و دوای لێکوڵینەوە شوناسی ناوبراو دەردەکەوێت.

ئەو ماڵپەڕە لە زاری ''ئەکبەر خۆش کۆشک'' کە لە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران کاری کردووە نووسیویەتی، دەوڵەتی فەرانسە بۆ ئازادکردنی ئەو ئەفسەرەی خۆی پێوەندیی بە ڕێژیمی ئێرانەوە گرتووە و لە بەرامبەریشدا ئێران داوای ڕادەستکردنەوەی ''ڕوحوڵڵا زەمـ''ـی کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە ''ڕوحوڵڵا زەم'' لە سیناریۆیەکدا دەنێردرێتە عێراق و پاشان لەوێ دەسبەرسەر دەکرێت و ڕەوانەی ئێران دەکرێت.

''ڕوحوڵڵا زەم'' دژبەری ڕێژیمی ئێران و بەڕێوەبەری ''ئامەد نیوز'' کە لە وڵاتی فەرانسە پەنابەر بوو، مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٨ لە سەفەرێکدا بۆ عێراق دەسبەسەر کرا و بۆ ئێران ڕاگوێزرا و ڕەوانەی زیندان کرا و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە بەیانییەیەکدا ئێعدامی ناوبراوی ڕاگەیاند.