کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدی کۆهن: کورد و عەرەب ئامادەی ڕووداوی گرنگ بن لە ئێراندا

12:22 - 29 پووشپەڕ 2720

"ئیدی کۆهن" وتەبێژی نافەرمیی ناوەندەکانی زانیاریی ئیسرائیل لە تویتێکدا نووسیویەتی: "کوردەکانی کوردستانی ئێران و عەرەبەکانی ئەلئەحواز ئامادە بن، ڕووداوگەلێکی گرنگ لە ئێراندا خەریکە ڕوو دەدات".

ئەو قسانەی "ئیدی کۆهن"  لە کاتێکدایە کە لە ماوەی یەک دوو مانگی ڕابردوودا ڕووداوگەلێکی زۆر لە ئێراندا ڕوویان داوە و تەقینەوە یەک لە دوای یەکەکان و خۆپیشاندانەکانی "بێهبەهان" و شارەکانی دیکەی ئێران، نموونەی هەرە بەرچاوی ئەو ڕووداوانەن.

 ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ لە یەکێک لە بیناکانی وێستگەی ئەتۆمیی "نەتەنز"، تەقینەوەیەکی بەهێز ڕوویدا، "ئیدی کۆهن" لە دوای ئەو تەقینەوەیە لە تویتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز.

میدیاکانی ئیسرائیل ئەو هەواڵەیان ڕووماڵ کردووە و بڵاویان کردووەتەوە کە ئەوە سێیەمین تەقینەوەیە لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا.

هەروەها ڕۆژی هەینی ٦ی پووشپەڕ، تەقینەوەیەکی گەورە لە کۆگاکانی بێنزین لە پایەگای ژێرزەوینی مووشەکیی "خەجیر" لە ڕۆژهەڵاتی تاران ڕوویدا.

هەر لە درێژەی ئەو تەقینەوانەدا ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕ، لە ناوەندێکی پزیشکی لە تاران تەقینەوەیەک ڕوویدا و لە ئاکامدا ١٩ کوژراو و ١٤ برینداری لێکەوتەوە.

 هەروەها لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی پووشپەڕ، خەڵکی شاری "بێهبەهان" سەر بە پارێزگای خووزستان دەستیان بە خۆپیشاندان دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران کرد.