کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

''ئیران ئەیر'' فڕینی فڕۆکەکانی خۆی بۆ ئورووپا ڕاگرت

17:19 - 18 رەشەمه 2719

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەشەمە، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ''ئیران ئەیر'' لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە کە فڕینی تەواوی فڕۆکەکانی هەتا کاتێکی دیاریکراو بۆ ئورووپا ڕادەگرێت.

لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بە هۆکارەکەی نەکراوە و بە ''نادیار'' وەسف کراوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا، بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی وڵاتانی دیکە، پێشتر وڵاتی ''سوید''یش فڕینی فڕۆکەکانی خۆی بۆ وڵاتی ئێران ڕاگرت.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی چین، ئێران یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە زۆر درەنگ داوای لە ‌ئێرانییەکان کرد کە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.

 لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەدا خەڵکی ئێران داوایان لە ڕێژیم کرد کە پێشگیری بکات و تووشبووان لە دابڕگەدا ڕابگرێت، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەوڵێکان نەدا بۆ پێشگیری لە ڕوودانی ئەم قەیرانە.

لە ئێستادا وڵاتی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەناردەی وڵاتانی جیهان بەگشتی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەورووبەری بەتایبەتی دەکات.