"ئیرەج حەریرچی" جێگری گشتیی وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، دانانی سنوور بۆ لە ماڵ مانەوەی خەڵک بۆ پێشگرتن لە کۆرۆنا پێوەندیی بە توانایی ئابووریی وڵاتەوە هەیە.
"حەریرچی" دانی بەوەدا ناوە و وتوویەتی، ئێمە توانایی ئەوەمان نییە بۆ پێشگرتن لە کۆرۆنا وەک بەشێک لە وڵاتانی دیکە بە خەڵک بڵێین لە ماڵی خۆتان دابنیشن و مەیەنە دەرەوە و ئێمە مانگانە پارەتان پێ دەدەین.
قسەکانی "حەریرچی" لە حاڵێکدایە کە پێشتر "حەسەن ڕووحانی" لە دانیشتنی ستادی بەرەنگاربوونەوە دژی کۆرۆنا وتبووی: "لە ماوەی گشتگیریی کۆرۆنادا کردەوەی زۆر گەورە و گرینگمان بۆ پێشگیری لە کۆرۆنا ئەنجام داوە کە دەتوانێت سەرچاوەیەکی باش بێت بۆ فێربوون لە ئاستی زانکۆدا و ببێتە شێوەکارێک دژ بە پەتاکان".
"حەسەن ڕووحانی" هەروەها وتبووی، لەو ماوەیەدا بودجەی پێویستمان بۆ پێشگیریکردن لە کۆرۆنا دابین کردووە و تەواوی کەرستەی پزیشکیی پێویستمان لەبەر دەستی پێرسۆنێلی پزیشکی داناوە.
لە ئێستادا دۆخی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان وای لێهاتووە کە خەڵک دەڵێن، بەڕێوەبەریی کاربەدەستانی ئێران لە کاتی کۆرۆنا لە سێ وشەدا کورت کراوەتەوە: "خراپ، ناحەز و مەرگهێنەر".