یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنی لە سەرجەم ژنانی کوردستان و جیهان کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران، پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکات.
ژن بەشێکی هەرە گرینگی کۆمەڵگایە، ژنان هەم لە بواری سیاسی و هەم ئابووری و کولتووری لە جیهان و کوردستاندا ڕۆڵی سەرەکی و کارامەیان نیشان داوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بیرۆکەی پیاوسالاری کە دەگەڕێتەوە سەر کولتووری سەقەتی کۆمەڵگای بەشەرییەت، زۆر جار مافی ئافرەت پێشێل کراوە.
بەخۆشییەوە لە سەردەمی ئێستادا ئافرەتان لە ئازادیی زیاتر و ڕێگەپێدانی زیاتر لە جاران ڕۆڵی ئەرێنیی خۆیان نیشان دەدەن، بەتایبەت ئافرەتانی کوردستان دەبینین چۆن شان بە شانی پیاوان، بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و چینایەتی، باری قورسی خەبات و بەربەرەکانێ لەگەڵ داگیرکەران و دیکتاتۆرە جۆراوجۆرەکان لە کۆڵ دەکەن.
ئافرەتی کورد نموونەی ئازایەتی و بوێری و خەباتگێڕییە، ئەم ڕۆژە لە هەموو دایکان و خوشکانی نیشتمانی داگیرکراومان پیرۆز بێت، بە هیوای بەدیهاتنی هەموو ئاوات و ئامانجەکانی ئەم بەشەی کۆمەڵگاکەمان.