کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئیسحاق جەهانگیری" وتوویەتی گەمارۆکان ١٠٠ میلیارد دۆلار زیانی بە ئێران گەیاندووە

17:30 - 18 رێبەندان 2720

جێگری سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، دانی بەوەدا ناوە کە گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران ڕێژەی ١٠٠ میلیارد دۆلار لە سەرچاوەی داهاتی ئەو ڕێژیمەی کەم کردووەتەوە و ئەگەر ئەو ڕێژەیە خەرج بکرایە بارودۆخی ژیانی خەڵک زۆر جیاوازتر دەبوو.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لە ڕێوڕەسمی دەسپێکی کاری پڕۆژەی پێترۆشیمیی "ئیسلام ئابادی غەرب" لە پارێزگای کرماشان، باسی لەوە کردووە لە ساڵی ١٤٠٠ توانایی پیشەی پێترۆشیمیی وڵات بە بەهای ٢٥ میلیارد دۆلار دەگاتە ١٠٠ ملیۆن تۆن.

"جەهانگیری" هەروەها باسی لەوە کردووە لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ میلیارد دۆلار لە سەرچاوە داهاتییەکانی ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە کەمیان کردووە و ئەگەر ئەو داهاتە لە بەشی گەشەی وڵاتدا خەرج کرابا، بارودۆخی ژیان زۆر لەوەی ئێستا باشتر دەبوو.

بە وتەی کارناسان قورسایی و گوشاری گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەو وڵاتەی بە ئاستێک گەیشتووە کە سەرکەوتنی "جۆ بایدنـ"ـیش"  ناتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا ئەو گەمارۆیانە لەسەر ڕیژیمی ئێران کەم بکاتەوە.