کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بارێکی چەکوچۆڵی حیزبوڵڵای لە سووریە کردە ئامانج

12:09 - 18 خەزەڵوەر 2721

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند کە شەوی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە زنجیرەهێرشێکدا بارێکی چەکوچوڵیان کە بۆ گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان لە شاری ''حەمس'' دەنێردرا، کردووەتە ئامانج و تێکی شکاندووە.

لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی فەرمیی سووریە سەرەڕای ئەوەیکە باسی لەوە کردووە کە دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ئاسمانی شاری حەمس هاتووە، ڕایگەیاندووە کە پەدافەندی ئاسمانیی سووریە بەرەنگاری مووشەکەکانی ئیسرائیل بووەتەوە.

بە وتەی تێلێڤیزیۆنی ڕێژیمی سووریە، هێرشەکانی ئیسرائیل دوو شوێنی ناوەندی و کەنارئاوەکانی سووریەی کردووەتە ئامانج.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێریی سووریە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ناوچەیەک لە نزیک دەمشق کرایە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل کە لەو هێرشەدا ئەنباری چەکوچۆڵی میلیشاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و بنکەکانی لەشکری چوارەمی سووریە تێک شکێندراون.

ئیسرائیل لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە ڕاستای پێشگرتن لە جێگیربوونی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە سەدان هێرشی نیزامیی دژی ئەو هێزانە لە خاکی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە.

لە دەسپێکی شەڕی نێوخۆیی لە سووریە لە ساڵی ٢٠١١وە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران یەک لەوان گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان لە شوێنە جیاجیاکانی سووریە جێگیر کراون و ئیسرائیل بوونی ئەو ‌‌هێزانە بۆ ئەمنییەتی خۆی بە مەترسی دەزانێت، بۆیە بەردەوام هێرشیان دەکاتە سەر.