کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بنکەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە بۆردومان کردەوە

11:15 - 27 رێبەندان 2720

پێش ئەوەیکە ئیسرائیل بیهەوێت مانۆڕی نیزامی بەڕێوە ببات، بنکەیەکی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لە باشووری دەمیشق بۆردومان کرد.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە زاری ئەفسەرێکی ئەرتشی سووریەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئیسرائیل لە درێژەی هێرشەکانی خۆی بۆ سەر شاری "ئەلکسوە" شوێنێکی سەر بە هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانی کردووەتە ئامانج.

ئیسرائیل بڕیار بووە لە حەوتووی داهاتوودا مانۆڕێک لەژێر ناوی "مانگی شەڕ" بەڕێوە ببات، بەڵام ئەو مانۆڕە پێش لە کاتی خۆی دەستی پێکردووە.

هەواڵدەریی "سانا"ی ڕێژیمی سووریە بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو هێرشە لەلایەن پەدافەندی مووشەکیی ئەرتشی سووریەوە وڵامی دراوەتەوە.

ئیسرائیل چەندین جار ڕایگەیاندووە کە بوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و گرووپە میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بە ئێران لە خاکی سووریە، هەڕەشەی جیدییە بۆ سەر ئیسرائیل و هەموو کاتێک گرووپە تێرۆریستییەکانیان کردووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و ئاسمانی و تا ئێستا زیانێکی زۆری ماڵی و گیانییان پێ گەیاندوون.