کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل بە تەمایە پێش بە گەڕانەوەی "بایدن" بۆ بەرجام بگرێت

17:55 - 24 بەفرانبار 2720

یەک حەوتوو بۆ دەستپێکی دەوڵەتی سەرکۆماری نوێی ئامریکا ماوە و لەو بارەیەوە هەواڵدەریی  "بلۆمبێرگ" بڵاوی کردووەتەوە کە ئیسرائیل خەریکی بەرنامە داڕشتنە بۆ پێشگرتن بە گەڕانەوەی سەرکۆماری هەڵبژێردراو بۆ بەرجام.

ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی "بلۆمبێرگ" لەکاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە "یووسی کۆهن" سەرۆکی "مووساد"، لە سەفەرێکدا چووەتە ئامریکا.

ئەو هەواڵدەرییە هەروەها نووسیویەتی کە دەوڵەتی ئیسرائیل هەناردەیەکی بۆ واشێنتۆن ناردووە تا نەهێڵێت ئامریکا گەمارۆکانی دژ بە ڕێژیمی ئێران، بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل لا ببات.

"بلۆمبێرگ" هەروەها نووسیویەتی، ئەو نێردەیەی ئیسرائیل هەوڵ دەدات هەتا لە ئێستاوە دەوڵەتی "جۆ بایدن" سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئامریکا بەو باوەڕە بگەیەنێت کە "هەڵویستی توند دژ بە پڕۆژەی ناوکی و بەرنامەی مووشەکە بالستیکییەکان و هێزە نیابەتییەکانی هاوپەیمان لەگەڵ ئێراندا" بگرێتە بەر.

ئەو هەواڵدەرییە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێکاری ئیسرائیل، بەپێچەوانەی تیمی "جۆ بایدن"، بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکییە لەگەڵ ئێراندا و هەروەها دانوستاندن سەبارەت بە پەرەپێدانی زیاتری ئەو ڕێککەوتنەیە.