کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل جارێکی تر هێرشی کردە سەر بارەگا سەربازییەکانی ڕێژیمی تاران

12:30 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: "دامەزراوە فەننی سەنعەتییەکانی" لازقیەی سوریە کرایە ئامانجی مووشەکەکانی ئیسرائیل کە بەهۆیەوە خەسارێکی بەرچاو وەبەر ئەم دامەزراوانەی سەر بە ڕێژیمی تاران کەوتووە.

تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی سوریە شەوی دووشەممە ڕایگەیاند: دەنگی تەقینەوەی زۆر بەهێز لە پارێزگای لازقیە بیستراوە کە وێدەچێ بەهۆی هێرشی مووشەکی بۆسەر دامەزراوەیەکی دەوڵەتی بووبێت.

هەواڵدەریی "سانا"ش وتوویەتی: "دامەزراوەی فەننی سەنعەتی"لازقیە کراوەتە ئامانج بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە کێ ئەم کارەی کردووە.

تەلەفزیۆنی ئەلئەخبارییەش ئاشکرای کردووە لەم هێرشەدا لانیکەم ١٠ کەس بریندار بوون.

ئەم هەواڵانەی دەوڵەتی سووریە کە هاوشێوەی هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاو کراونەتەوە لە کاتێکدان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لەوە دەکرێت کە ئامانجی ئەم هێرشانە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی رێژیمی تاران لە پارێزگاکانی لازقیە، حۆما و حۆمس بووە و توانیویەتی بیانپێکێ.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ڕەوتی پێکانی مووشەکەکان و هەوڵی سوریە بۆ کۆنترۆڵ کردنی مووشەکبارانەکە، فڕۆکەیەکی سەربازی ڕووسی کە ١٤ کەسی تێدا بووە، لە کاتی فڕیندا ون بووە کە هەندێک سەرچاوەی خەبەری دەڵێن هاوکات لەگەڵ هێرشە هەواییەکان بۆ لازقیە، پەدافەندی هەوایی سووریە بە هەڵە لێی داون و خستوویەتە خوارەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە شەوی پێشتریش کاناڵی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو: فڕۆکەیەکی کۆماری ئیسلامی کردووەتە ئامانج کە هەڵگری چەکوچۆڵ و تەقەمەنی بۆ گرووپ و میلیشیا سوورییەکان بووە و نەتەنیا ئەم فڕۆکەیان پێکاوە بەڵکوو کۆگایەکی چەکوچۆڵیشیان لە دەورووبەری فڕۆکەخانەی دیمەشق پێکاوە.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریەش لەمبارەوە ئاشکرای کردووە لەم هێرشەی ئیسرائیلدا لانیکەم ١٤٠ کەس لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی لەنێو چوون.