
ڕۆژی سێشەممە ٧ی بەفرانبار تێلێڤیزیۆنی ڕێژیمی سووریە بڵاوی کردەوە کە ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بەندەری "لازقییە". لە ماوەی یەک مانگدا ئەوە دووەمین جارە کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بەندری "لازقییە".
ئەو هێرشە بووەتە هۆی ڕووخان و وێرانبوونی ژێرخانەکانی نەخۆشخانەیەک و چەندین خانووبەرە و دووکان.
وەزیری بەرگریی ڕێژیمی سووریە لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردەوە: "دەسدرێژیی ئیسرائیل بووەتە هۆی زیانێکی مادیی زۆر و ئێستا هێزە سوورییەکان خەریکی هەڵسەنگاندنی وردتری ئەو زیانانەن".
ئەرتشی ئیسرائیل لە ساڵەکانی ڕابردوودا بە شێوەی بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی سووریە و وتوویەتی: "ئامانجمان ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکان یان گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە".
بەرپرسانی ئیسرائیل پێش هێرشی دوایی باسیان لەوە کردبوو کە بەهۆی هێرشەکانیانەوە ٧٥ لەسەدی ئەو چەکوچۆڵانەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ ڕێژیمی سووریە نێردراون لەنێو براون.