کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل داوای لە شۆرای ئەمنییەت کردووە بڕیارنامەیەکی نوێ دژی ئێران دەربکات

19:02 - 13 گەلاوێژ 2721

وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی گەڵاوێژ، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ باڵوێزەکانی وڵاتانی ئەندام  لە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئیسرائیل داوای ئەوەیان کردووە کە ئەو شۆرایە بڕیارنامەیەکی نوێ لە مەحکوومکردن و گەمارۆی ئێران، لە پێوەندی لەگەڵ ڕووداوەکانی کەنداو دەر بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، ژەنەرال ''بنی گانتز و یائیر لاپید'' وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ باڵوێزی وڵاتانی ئەندام لە شۆرای ئەمنییەت، هەڵسەنگانەکانی خۆیان لە بابەت ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕێژیمی ئێران لە هێرش بۆ سەر کەشتیی ''مێرسد ستریت'' باس کردووە و چەندین بەڵگەیان پیشان داون.

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی گەلاوێژ، کەشتییەکی بازرگانیی ئیسرائیل لە ئاوەکانی دەریای عەرەب بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کرایە سەر و لە ئاکامدا دوو کەس لە کارمەندانی کەشتییەکە کوژران.

بە دوای ئەو هێرشەدا ئامریکا، بریتانیا و ئیسرائیل، ڕێژیمی ئێرانیان بە تاوانبار ناساند و هۆشدارییان دا کە دەبێ بە توندی وڵامی ئێران بدرێتەوە.

هەروەها ''نێفتالی بێنت'' سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی گەڵاوێژ، وتی کە ئیسرائیل لە هەوڵدایە وڵاتانی دیکە کۆ بکاتەوە کە بەنیسبەت هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگری ئیسرائیلی وڵامێکی نێونەتەوەیی دژی ئێران بدرێتەوە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات ئیسرائیل خۆی دەتوانێت بە تەنیایی وڵام بداتەوە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وتبووی: ''سەردەمێک کە ئاسوودە لە تاران دابنیشن و لەوێوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵێسەدار بکەن، کۆتایی پێهاتووە''.