کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: دەبێ ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی باکووریی ئێمە کۆتایی پێ بێت

17:09 - 19 رەزبەر 2721

''نفتالی بێنت'' سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتوویەتی، سەرەڕای ئەوەیکە وڵاتەکەی دژی حوزووری هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە لە هەر شوێنێک و هەر کاتێک کە پێویست بێت هەنگاو دەنێت، ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران لە نزیک سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل دەبێ کۆتایی پێ بێت.

''بێنت'' ڕۆژی دووشەممە لە دانیشتنێک لەسەر بابەتی ''گوڵان'' باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کۆنترۆڵ دەکات.

ناوبراو وتوویەتی: ''ئێران دەیهەوێت بە جێگیربوونی نیزامی لە سووریە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل".

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە قسەکانی خۆیدا جەختی کردەوە کە ئەو وڵاتە هەوڵەکانی خۆی لە ڕاستای شکستی یەک لە دوای یەکی حوزووری ئێران لە سووریە درێژە پێ دەدات.

پێشتریش ''یائیر لاپید'' وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە سەردانی مانگی ڕابردووی خۆی بۆ مسکۆ باسی لەوە کردبوو کە هەتا کاتێک ڕێژیمی ئێران لە سووریە حوزووری هەبێت، ئەو وڵاتە سەقامگیر نابێت.

ناوبراو لەوبارەوە وتبووی کە وڵاتەکەی لە بەرامبەر حوزوور و جێگیربوونی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی باکووری خۆی بێدەنگ نابێت.