کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل ساڵی ٢٠١١ هەوڵی داوه هێرش بکاتە سەر ڕێژیمی ئێران

11:59 - 11 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: "تامیر پاردۆ" سەرۆکی پـێشووی موسادی ئێسرائیل ئاشکرای کردووە کە ئێمە بە فەرمانی نێتانیاهوو ئامادە بووینه هێرش بکەینە سەر ڕێژیمی ئێران.

سەرۆکی پـێشووی دەزگای مۆسادی ئیسرائیل دەڵێت بنیامین نێتانیاهوو سەرۆک وەزیری وڵاتەکەیان لە ساڵی ٢٠١١ فەرمانی پـێکردوون لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادەبکەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "تەمیر پاردۆ" کە لە ساڵانی نێوان ٢٠١١ هەتا ٢٠١٦ی زایینی سەرۆکی دەزگای زانیاریی "موساد" بووه لە بەرنامەی لێکۆڵینەوەیی عووڤدا"ی کاناڵی تەلەفیزیۆنیی کێشیتی ئیسرائیل ڕاگەیاند سەرۆکوەزیرانی ئێستای ئیسرائیل ساڵی ٢٠١١ فەرمانی دا کە هێرشی نیزامیی بکرێتە سەر ڕێژیمی ئێران.

ئەو بەرپرسەی باڵایەی پێشووی ئیسرائیل باسی لەوە کرد بڕیاری هێرش شتێکی سووک و ساکار نییە که تەنیا بۆ مەشق و ڕاهێنان بێت، بەڵام ئەم فەرمانە دوو مانای هەیە یەکەم ئەوەی کە مانای ئەوەیە بە ڕاستی نیازی هەیە هێرشەکە بکات، دووهەم بیهەوێت ئاماژە بدات کە کەسێک لە دەرەوە لەم بارەیەوە دەزانێت.

سەرۆکی پێشووی موسادی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی، لە پاش ماوەیەکی کورت لە دەستبەکاربوونی لە پـۆستی سەرۆکی مۆساددا ئەم فەرمانەی پێ گەیشتووە، بۆیە پـرسیاری لە ڕاوێژکارانی یاسایی و سەرۆکانی پـێشووی دەزگاکەی کردووە ئایا سەرۆکی حکوومەت دەسەڵاتی ئەوەی هەیە فەرمانی لەو جۆرە بدات یان نا.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە نێتانیاهوو لە کۆتاییدا وازی لە مەسەلەکە هێناوە، بەڵام جەختیشی کردەوە که کاتێک سەرکردایەتی سیاسی فەرمانت پێ دەکات، دوو بژاردەت لە بەردەمدایە، ئەویش جێبەجێیکردنی فەرمانەکەیە یان بەجێهێشتنی پـۆستەکەیە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووش بەپێی ڕاپۆرتێک کە گۆڤاری نەشناڵ ئینترێست بڵاوی کردەوە‌، تیمی "هه‌ڵۆكان"ـی دەوڵەتی ترامپ، بۆ هه‌ڵگیرساندنی شەڕ له‌گه‌ڵ ڕێژیمی ئێران هه‌نگاو ده‌نێن و بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێرانیش پێڕەوی لە هێڵی جۆرج بووش، سەرکۆماری پێشووی ئامریکا دەکەن.

لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام بەشێک لە کارناسانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە ئیسرائیل و ئامریکا بە شێوەی هاوبەش هێرش بکەنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی ئێران.