کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: سپای قودس و قاسم سلێمانی دەبێ لە سووریە دەر بکرێن

23:57 - 22 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پاش مووشەکبارانی بنکەکانی سپای پاسداران، داوای لە بەشار ئەسەد کردووە، هەتا قاسم سلێمانی و هەموو هێزەکانی سەر بە سپای قودسی ئێران لە خاکی سووریە دەر بکات.

پاش هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل، بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە سەردانێکدا بۆ بەرزایییەکانی گوڵان پەیامێکی ئاراستەی بەشار ئەسەد سەرکۆماری ئەو وڵاتە کردووە.

ئاویگدر لیبرمەن، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی هەینی ٢١ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، پاش سەردانی بۆ بەرزایییەکانی گوڵان، ڕوو لە بەشار ئەسەد وتوویە: "من لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرم و داوا لە بەشار ئەسەد دەکەم، هەتا هەموو ئێرانییەکان، قاسم سلێمانی و هێزەکانی سپای قودس لە سووریە دەر بکات، ئەوان هیچ سوودێکیان بۆ سووریە نییە و لە کۆتاییدا تەنیا زیانیان بۆ خەلکی سووریە هەیە".

بەیانی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕ، ئیسرائیل ڕایگەیاند، کە سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، لە خاکی سووریەوە ٢٠ ڕاکتی بەرەو بنکەکانی ئەو وڵاتە لە بەرزایییەکانی گوڵان هاویشتووە، هەر ئێوارەی هەمان ڕۆژ ئیسرائیل وڵامێکی توندی بەو هێرشەی سپای قودس دایەوە و بە ڕاکت هەموو بنکەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە خاکی سووریە کردە ئامانج.

جگە لە بەریتانیا، ئاڵمان و فەڕانسە و ئامریکاش هێرشەکانی سپای پاسدارانیان بۆ سەر خاکی ئیسرائیل مەحکووم کرد و ڕووسیەش نیگەرانیی خۆی بە نیسبەت زیادبوونی ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەربڕیوە و خوازیارە لە ڕێگەی دانیشتن و وتووێژەوە ئەو ناکۆکییانە چارەسەر بکرێن.