کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل فەرماندەیەکی نیزامیی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە ڕفاندووە

11:28 - 14 رەزبەر 2721

ڕۆژنامەی عەرەبیی ''ئەلرای ئەلیوم'' چاپی لەندەن باسی لەوە کردووە، ڕێکخراوی هەواڵگریی ئیسرائیل ناسراو بە ''مووساد'' مانگی ڕابردوو فەرماندەیەکی نیزامیی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە ڕفاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، ئەمە بەشێک لە عەمەلیاتی نهێنیی مووساد بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەبارەی ''ڕون ئاراد'' فڕۆکەوانی بێسەروشوێنی ئیسرائیلی بووە.

ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوە کردووە کە مووساد ئەو فەرماندەیەی ڕێژیمی ئێرانی بۆ وڵاتێکی ئافریقایی بردووە و دوای لێکۆڵینەوە، ئازادی کردووە.

''ئەلرای ئەلیوم'' نووسیویەتی، ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر ئەو هەوڵەی ئیسرائیلدا ویستوویەتی بازرگانێکی ئیسرائیلی لە وڵاتی قێبرێس تێرور بکات کە سەرکەوتوو نەبووە.

''ڕون ئاراد'' فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی بوو کە لە کاتی عەمەلیات لە شەڕی نێوخۆیی لوبنان لە ساڵی ١٩٨٦ بەهۆی کێشەی تەکنیکی ناچار بوو لە ئاسمانی ئەو وڵاتە خۆی بخاتە خوارەوە کە لەلایەن هێزەکانی سەر بە ''ئەمەل'' کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پێوەندیی نزیکیان هەبوو، دەسبەسەر کرا و ڕادەستی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیان کرد.

ئیسرائیل لەو کاتەوە هەتا ئێستا چەندین عەمەلیاتی لە سەرانسەری جیهان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر چارەنووسی ''ئارد'' ئەنجام داوە کە یەک لەوان چەندین ئەندامی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانی دەسبەسەر و لێکۆڵینەوەی لێ کردوون. هەروەها پێشنیاری ١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هەر چەشنە زانیاری لەبارەی ئەو فڕۆکەوانە داوە.