کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە سووریە هێرشی کردە سەر چەند بنکەیەکی نیزامیی ڕێژیمی ئێران

12:03 - 14 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ئیسرائیل بۆ یەکەمجار بڵاوی کردەوە، ٢٠٠ جار هێرشی کردووەتەوە سەر بنکە و دامەزراوەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی سووریەدا.

هەواڵدەریی فەرمیی ڕێژیمی بەشار ئەسەد ناسراو به "سانا"، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل کۆمەڵێک شوێنی نیزامییان لە سووریەدا کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان، بەڵام ڕێژیمی ئەسەد باسی لەوە کردووە، قەڵغانی مووشەکیی سووریه بەرپەرچی هێرشەکانی داوەتەوە و هەندێک لەو مووشەکانەی خستووەتە خوارەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان هەندێک شوێنی نیزامییان لە دوو پارێزگای "تەرتووس و حەما" کردووەتە ئامانج.

چاوەدێری مافی مرۆڤیش لە سووریە، ئەو هەواڵەی پشتڕاست و بڵاوی کردووەتەوە، دەنگی کۆمەڵێک تەقینەوە لە ناوچەیەکی نێوان "مسیاف" و "وادی عیونـ"ـی نزیک شاری حەماوە بیستراوە، کە ئەو ناوچانەش بنکەی نیزامیی ڕێژیمی ئێرانیان تێدایە.

ماوەیەکە ئیسرائیل چەندین هێرشی کردووەتە سەر خاکی سووریه و لەو هێرشانەدا چەندین شوێنی نیزامی کە مۆڵگەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بوونە، کراونەتە ئامانج و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی سپای پاسداران کوژرا و بریندار بوون.

ڕێژیمی ئێران بەڵێنی داوە، کە تۆڵەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل لە کات و دەرفەتی گونجاودا دەکاتەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل، پێشتریش چەندین جار لە جێگیربوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سووریە ڕەخنەیان گرتبوو و لە دروستبوونی "بەرەیەکی نوێ" بە دژی وڵاتی ئیسرائیل لە گوڵان لە لایەن ئەو ڕێژیمە و حیزبوڵڵاوە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.

به‌رپرسی "مووساد"یش باسی لەوە کردبوو، ڕێژیمی ئێران له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست له ئاژاوەنانه‌وه ‌و پاڵپشتیکردنی گرووپه تێرۆریستییه‌کان ڕۆڵی سه‌ره‌کیی هه‌یه و به‌ به‌رده‌وامی له هه‌وڵدایه ده‌سه‌ڵاتی خۆی له ناوچه‌که‌ به‌ربڵاوتر بکاتەوە.