کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هێرشی مووشەکیی کردە سەر باشووری سووریە

12:00 - 23 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ئیسرائیل بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر باشووری سووریە، چەندین پایگای نیزامیی ڕێژیمەکانی ئێران و سووریەی کردە ئامانج.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی جۆزەردان، ئەرتشی ئیسرائیل بە هێرشی مووشەکی، ناوچەیەکی باشووری سووریەی لە نزیکیی بەرزاییەکانی "جەولانـ"دا کردە ئامانج.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم هێرشانە، پایگا نیزامییەکانی ڕێژیمی سووریەی کردووەتە ئامانج کە بەشێک لە نیزامییانی ڕێژیمی ئێرانیشی تێدا جێگیرن.

هەواڵنێرییەکانی ڕێژیمی سووریە لەمبارەوە نووسیویانە: "بە هۆی ئەم هێرشە مووشەکییانەوە، ئیسرائیل ڕووی کردووەتە شەڕی ئەلێکترۆنیکی و پارازیتی خستووەتە سەر ژمارەیەک لە ڕادارەکانی وڵات."

لەم ساڵانەی دواییدا، ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ڕێژیمی سووریە و ئامانجی سەرەکیشی لێدانی بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان بووە لەم وڵاتەیەدا.

ئیسرائیل، سپای تێرۆریستی پاسداران و لقی قودسی ئەم ڕێکخراوەیە و گرووپە ژێردەستەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا، بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر وڵاتەکەی و ناوچەکە دەزانێت و هێرشی نیزامی دەکاتە سەریان.

ئەرتشی ئیسرائیل، ١٢ی جۆزەردانیش هێرشی کردە سەر چەندین پایگای نیزامیی ڕێژیمەکانی سووریە و ئێران و ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە کە بنکەکەی لە "لەندەنـ"دایە، ژمارەی کوژراوانی ١٥ کەس ڕاگەیاند کە زۆربەیان لە تێرۆریستانی سپای پاسداران بوون.